لیندسی گراهام: تا حەماس چەکدار بێت، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە

لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمەریکی
لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمەریکی

لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆماری ئەمەریکا، ڕایگەیاند، تاوەکو بزووتنەوەی حەماس چەکدار بێت، بوونی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەحاڵە، جەختیشی کردەوە هەر هەوڵێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە، ڕاستەوخۆ بەندە بە چەکداماڵینی ئەو بزووتنەوەیەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "سکای نیوز عەرەبی"، گراهام ڕوونیکردەوە، هیچ ئاماژەیەک نابینێت بۆ ئامادەیی حەماس بۆ دەستبەرداربوون لە چەک و گوتی: "خۆزگە حەماس چەکەکانی ڕادەست بکردایە، بەڵام هیچ هەوڵێکیان لەو پێناوەدا نابینم، بەڵکو هەوڵی دووبارە خۆچەککردنەوە و بنیاتنانەوەی هێزیان دەدەن."

گراهام ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ هێزێکی عەرەبی ئامادە نییە بە زۆر حەماس چەک داماڵێت و گوتی: "تاکە لایەن کە توانای ئەو کارەی هەبێت ئیسرائیلە. ئێمە دەتوانین پشتیوانییان بکەین، بەڵام دەبێت ئیسرائیل خۆی لەسەر زەوی ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات." جەختیشی کردەوە: "ئەو ڕۆژەی حەماس لە چەک داماڵرا، ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەست پێدەکات و ڕێگای ئاساییکردنەوە دەکرێتەوە."

سەبارەت بە دۆخی لوبنان، سیناتۆرە ئەمەریکییەکە ڕایگەیاند، پێکهاتەی شیعە لەو وڵاتەدا "دابەشبووە" و نزیکەی نیوەیان دەیانەوێت هەموو چەکی قورس تەنیا لە دەستی سوپادا بێت. بەڵام فراکسیۆنێکی ناو حزبوڵڵا پێداگری لەسەر مانەوەی چەک دەکات و ئەمەش ڕێگرە لەبەردەم پێشکەوتنی لوبنان.

گوتیشی: "ئیسرائیل قبووڵی ناکات حزبوڵڵا بە چەکداری بمێنێتەوە. ڕاسپاردەی من بۆ هاوڕێکانم لە لوبنان ئەوەیە کە حزبوڵڵا لە چەک داماڵن، دواتر دەتوانین گفتوگۆ لەسەر ئاسایشی سنوورەکان و یەکگرتنی لوبنان لەگەڵ ناوچەکەدا بکەین."

گراهام ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتی زیاتر پەیوەندییان بە "ڕێککەوتننامەکانی ئەبراهام"ەوە کردووە و پێشبینی کرد سعوودیەش لە ساڵی داهاتوودا بەشداری بکات. داواشی لە لوبنان کرد خۆی ئامادە بکات بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لەو ڕێککەوتنانە.

دەربارەی سووریا، گراهام گوتی کراوەیە بۆ سووککردنی سزاکان، بەڵام بە مەرجێک "بتوانین بە خێرایی بیانگەڕێنینەوە ئەگەر کارە دروستەکان نەکەن، وەک پاراستنی کەمینە ئایینییەکان و دەستەبەرکردنی سنوورەکان." لە کۆتاییدا ڕوونیکردەوە، سەرنجی لەسەر سووریا بریتییە لە هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی حکوومەتێکی نوێ، بەڵام بە وریاییەکی زۆرەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment