ئیسرائیل و ئێران خۆیان بۆ جەنگ ئامادە دەکەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پێداگریی لەوە دەکات کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان بە تەواوەتی لەناو بردووە، بەڵام شارەزایان هوشداری لە جەنگێکی نوێی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا دەدەن.

دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2025، ماڵپەڕی 'ئیتڵاعات ئۆنلاین' بە ئاماژە بە وتارێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، بڵاوی کردووەتەوە "مانگی ڕابردوو، ڕێککەوتننامەی 2015 کە بڕیاربوو پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران سنووردار بکات، بەسەرچوو. سزای توند دووبارە بەسەر ئێراندا سەپێنرایەوە و دانوستان دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ئێستا ڕاگیراوە و یەدەکی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، بەشی دروستکردنی 11 بۆمبای ئەتۆم دەکات." 

ناوچەکە ئێستا لە دۆخێکی مەترسیداردایە، دانوستان ڕاگیراوە، دڵنیایی لەبارەی یەدەکی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران نییە و هیچ چاودێرییەکی سەربەخۆ لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە نییە. زۆر لە شارەزایانی سیاسیی بڕوایان وایە، بە لەبەرچاوگرتنی تێڕوانینی دێرینی بەرپرسانی ئیسرائیل، کە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە هەڕەشەیەکی جیددی دادەنێن، هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕوو دەدات.

عەلی واعیز، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئێران لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، دەڵێت: ئەگەری هەیە ئێران بە شێوازێکی زۆر جیاوازتر لەوەی لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بداتەوە. 

واعز، گوتیشی: بەرپرسانی ئێرانی ڕایانگەیاندووە، کارگەکانی دروستکردنی مووشەک شەو و ڕۆژ بەبەردەوامی کار دەکەن و ئەگەر جەنگێکی تر ڕوو بدات، هیوادارن بتوانن 2 هەزار مووشەک لە یەک کاتدا بۆ تێکشکاندنی بەرگریی ئیسرائیل، بهاوێژن، نەک پێنجسەد مووشەک لە 12 ڕۆژدا. 

ئێستا هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا لەبەردەستدا نییە لەوەی جەنگێکی نوێ ڕوو بدات، بەڵام ئیسرائیل هەست دەکات کە کارەکە تەواو نەبووە و لە بیانوویەک دەگەڕێ بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ، بۆیە ئێران ئامادەکارییەکانی بۆ گەڕی داهاتووی جەنگ، دوو بەرانبەر کردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment