وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا: ئێران یەک ملیار دۆلاری بۆ حزبوڵڵای لوبنان ناردووە
جۆن هێرلی، یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و تاوانە داراییەکان، دەڵێت: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەمساڵدا، سەرباری گەمارۆ ئابوورییەکان، نزیکەی یەک ملیار دۆلاری بۆ حزبوڵڵای لوبنانی ناردووە.
جۆن هێرلی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "ئەمەریکا دەیەوێ سوود لەم هەلومەرجەی لوبنان وەربگرێت بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی حزبوڵڵا و دواتر چەکداماڵینی."
جێگری وەزارەتی دارایی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و تاوانە داراییەکان ئاماژەیداوە: کلیلی چەکداماڵینی حزبوڵڵا، ڕێگرییە لە گەیشتنی یارمەتییە داراییەکانی ئێران و دامەزراندنی حکوومەتێکی سەربەخۆیی مەدەنی لە لوبنان.
هێرلی، لە درێژەی قسەکانیدا، دەڵێت: ئێران، پاش شکستهێنانی دانوستانەکان لەبارەی سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان و بەرنامە مووشەکییەکانی و سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵ دەدات پەیوەندیی خۆی لەگەڵ چین، ڕووسیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لەنێویاندا ئیمارات، بەهێز بکات.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە هەنگاوێکدا بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا، بلۆککردنی دارایی بەسەر ژمارەیەک ئەندامی حزبوڵڵادا سەپاند. کە بەرپرسی گەیاندنی دەیان ملیۆن دۆلار بوون لە ئێرانەوە بۆ حزبوڵڵا.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، ئەو بەرپرسانەی حزبوڵڵا، دەستیان هەبووە لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە قاچاخ و پارەکەیان لە ڕێگەی دەستوپێوەندەکانیانەوە گەیاندووەتە حزبوڵڵای لوبنان.
حکوومەتی لوبنان، بەڵێنی چەکداماڵینی سەرجەم گرووپەکانی دەرەوەی حکوومەت دەربڕیوە، لە نێویاندا حزبوڵڵا هەیە، بەڵام حزبوڵڵا، بەڵام ئامادە نییە سەرجەم چەکەکانی ڕادەست بکات.
