زێلێنسکی: هەمووان لە ترەمپ دەترسن، بەڵام من لێی ناترسم

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، بە پێچەوانەی بەشێکی زۆر لە سەرۆک وڵاتانی ئەورووپا، من هیچ ترسێکم لە سەرۆکی ئەمەریکا نییە، گوتیشی، پەیوەندیم لە گەڵ ترەمپ زۆر باشە، کاتێک هاوڕێمە بۆ لێی بترسم. 

 دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "گاردیان"ـی بەریتانی، ڕایگەیاند، شا چارڵزی سێییەم هۆکار بووە بۆ دروست کردنی پردێکی بەهێزی پەیوەندی نێوان ئەو و ترەمپ. 

قسەکانی زێلێنسکی دوای ئەوە دێت، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕووسیا چەندین هێرشی توندی کردووەتە سەر تۆڕەکانی وزەی ئۆکرانیا، بە هۆی ئەو هێرشانەوە لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە کارەبا پچڕاوە، تەنانەت لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئۆکرانیاش لە میانەی وتارێکی زێلێنسکی دوو جار کارەبا بڕاوە. 

زێلێنسکی، ئاماژەی بەوەش کردووە، مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە کاتی سەردانەکەی بۆ کۆشکی سپی، بۆ داواکردنی مووشەکی "تۆماهۆک"، ڕووبەڕووی هیچ گرفت و گاڵتەجاڕییەک نەبووەتەوە، بۆیە هەموو ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە کە باسیان لەو بابەتە کردووە. 

سەرۆکی ئۆکرانیا، باسی لەوەش کردووە، بۆچی دەبێت بەو شێوەیە بێت کە میدیاکان باسی دەکەن؟ بێگومان توشی هیچ کاردانەوەیەکی نەشیاو نەبوومەتەوە، چونکە پەیوەندیم لە گەڵ سەرۆکی ئەمەریکا زۆر باشە. 

جەختیشی کردووەتەوە، هەموو سەرۆک وڵاتانی جیهان لە ترەمپ دەترسن، ئەوە ڕاستیە، بەڵام من لێی ناترسم، ئێمە دوژمنی ئەمەریکا و گەلەکەی نین، بەڵکو هاوڕێی ئەوانین، بۆچی دەبێت لێیان بترسین؟

زێلێنسکی، گوتیشی: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە لایەن خەڵکی ئەمەریکاوە هەڵبژێردراوە، بۆیە دەبێت ڕێز لە بڕیاری گەلی ئەمەریکا بگرین، هەروەها ئێمە ساڵانێکی زۆرە دوو هاوبەشی ستراتیجیی یەکترین، ئەمەش هۆکارێکی گرنگە و ئاشکرایە کە من و گەلی ئۆکرانیا لە ئەمەریکا و سەرۆکەکەی ناترسین. 

پێگەی هەواڵی فاینانشیاڵ تایمز، ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، فشاری لە زێلێنسکی کردووە بۆ ئەوەی بە مەرجەکانی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕازی ببێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان، هەروەها ترەمپ هۆشداری داوە بە زێلێنسکی، ئەگەر لەگەڵ ڕووسیا ڕێک نەکەوێت، وڵاتەکەی تووشی داڕمانی تەواوەتی دەبێتەوە، بەڵام سەرۆکی ئۆکرانیا بە قسەکانی ترەمپ ڕازی نەبووە و ڕەتی کردووەتەوە.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە، چەندین جار کۆبوونەوە و گفتوگۆ لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و  ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ئەنجام دراوە، لە دوایین کۆبونەوەشیاندا، ترەمپ، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زێلێنسکی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: هیوادارم بتوانین کۆتایی بە جەنگ بهێنین بەبێ بیرکردنەوە لە تۆماهۆکەکان. پێموایە زۆر لەوە نزیکین.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، نامانەوێت ئەو شتانە ببەخشین کە خۆمان بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان پێویستمانە.

لە کۆبوونەوەکەی نێوان ترەمپ و زێلێنسکی، هیچ باسێک لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی بۆردوومانەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا نەکراوە، وەک چۆن دوای لووتکەی ترەمپ و پوتن لە ئالاسکا لە مانگی ئابی ڕابردوو، ترەمپ وازی لە فشارخستنە سەر ڕووسیا هێنا بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەست و مۆسکۆش هێرشەکانی چڕتر کردەوە.

 ڕۆژی هەینی، ترەمپ گوێی بەو نیگەرانیانە نەدا کە گوایە پوتن دیسانەوە هەوڵی کات بەدەستهێنان دەدات و گوتی:  کێشە نییە ئەگەر کاتی زیاتر بە پوتن بدەین. 

ترەمپ، هۆکاری بەردەوامیی شەڕەکەی نەخستە ئەستۆی پوتن، بەڵکو خستییە ئەستۆی "دوژمنایەتیی قووڵ"ی نێوان سەرکردەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا و گوتی: ئەوان دوژمنایەتییەکی زۆریان لە نێواندایە، بەڕاستی پێموایە هەر ئەوەش ڕێگرە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئاشتی نێوانیان.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment