ئومێد سەباح: دەنگدان لە کەرکووک دەنگدانە بە ناسنامە و مێژووی شارەکە
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کەرکووک دەنگیدا
لەگەڵ کردنەوەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کەرکووک دەنگیدا.
ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی بنکەی ئەختەر دەنگیدا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا دوای لە هەموو کوردستانیانی کەرکووک کرد، زوو بچن دەنگ بدەن و بەشداری پرۆسەکە بکەن، گوتیشی: دەنگدان لە کەرکووک دەنگدانە بە ناسنامە و مێژووی کەرکووک، هاوکات دەنگدانە بە هەموو ئەو خەبات و قوربانیدانەی لە پێناو کەرکووک دراوە.
هەروەها پەیامێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و گوتی: هیوادارم کۆمیسیۆن بتوانێت پاکی و بێگەردی پرۆسەکە بپارێزێت و کۆتایی ئەم پرۆسەیەی دەنگدان هەروا بە ئاسانی و سەرکەوتووانە بەڕێوە ببات.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داواکارییەکی ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک کرد، کە بە یەکەوە و بە هەماهەنگی بتوانن خزمەتێکی زیاتر و باشتری خەڵکی کەرکووک بکەن.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025، لە بازنەی پارێزگای کەرکووک یەک ملیۆن و 715 و 600 کەس مافی دەنگدانیان هەیە لە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی پارێزگاکە.
بازنەی کەرکووک 13 کورسی پێکهاتووە و یەکێک لە کورسییەکان تایبەتە بە کۆتای مەسیحی.
بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێری حەوتی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025 کرانەوە و بڕیارە تاوەکوو کاتژمێر شەشی ئێوارە پرۆسەی دەنگدان بەردەوام بێت، کە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ملیۆن کەس مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی 329 ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عێراقیان هەیە، لە نێویاندا نۆ کورسی پەرلەمانی بۆ کۆتای پێکهاتەکانە.
