جومانە غەلای: پرۆسەی دەنگدان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لە سەرجەم پارێزگا، شار و ناوچەکانی عێراق بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو.
سێشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگداندا هیچ کێشەیەکی تەکنیکی ڕووی نەداوە.
جەختی لەوەش کردەوە، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان کۆمیسیۆن، لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن و وەزارەتە ئەمنییەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان هەبوون.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، کۆمیسیۆن لە پرۆسەی کۆتاییهێنان بە ڕێکارەکانی دایە بۆ ژماردنەوەی دەستی و ڕیزکردنی دەنگەکان و هاوتاکردنی لەگەڵ ئەنجامە ئەلیکترۆنییەکان.
گوتیشی: کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمشەو هیچ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی نابێت.
کاتژمێر 7ـی بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد و کاتژمێر 6ـی ئێوارەش کۆتایی هات.
