شەش پەیکەری زێڕینی کۆن لە مۆزەخانەی نیشتیمانی سووریا لە دیمەشق دزران

مۆزەخانەی نیشتیمانی سووریا لە دیمەشق ڕایگەیاند، شەش پەیکەری زێڕینی کۆن لە مۆزەخانەکە دزراون. بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، دزییەکە لە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە ڕوویداوە و پارچە زێڕینەکان لە باڵی کلاسیکی مۆزەخانەکەدا بوون کە یەکێکە لە کۆنترین دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرچاوەیەکی ئاگادار پشتڕاستی کردەوە، لەنێو پارچە دزراوەکاندا، چەقۆی زێڕینیش هەبوون. لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێک ڕایگەیاند، "مۆزەخانەکە بە هۆکاری ئەمنیی داخراوە و هەفتەی داهاتوو دەکرێتەوە." تا ئێستا هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەرنەچووە.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئاشکرای کرد، "ژمارەیەک کارمەند و پاسەوانی مۆزەخانەکە ڕۆژی دووشەممە دوای دزییەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە" دواتر ئازاد کراون. هەروەها بەرپرسێکی ئیدارەی مۆزەخانەکانی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "لەو کاتەی دزییەکە کراوە، هێزە ئەمنییەکان ڕێگریی لە چوونە ژوورەوەی کارمەندانیان کردووە بۆ ناو هۆڵەکانی مۆزەخانەکە."

باڵی کلاسیک بە یەکێک لە بەشە هەرە گرنگەکانی مۆزەخانەکە دادەنرێت و شوێنەواری دەگمەنی سەردەمە جیاوازەکانی تێدایە، لەوانە سەردەمی هێلینیستی، ڕۆمانی و بیزەنتین، کە لە شوێنەوارە بەناوبانگەکانی سووریاوە کۆکراونەتەوە. 

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەوار و مۆزەخانەکانی سووریا لە 8ـی کانوونی دووەمی 2025 مۆزەخانەکەی کردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بە هۆی ڕووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، لە ترسی تاڵان و دزی داخرابوو. لەو کاتەدا، ئیدارەی مۆزەخانەکە پشتڕاستی کردەوە "هیچ زیانێک بە مۆزەخانەکە نەگەیشتووە."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment