تاڵیبان داوایه‌ك له بایدن ده‌كات
له كۆتایی مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو، دوا سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له خاكی ئه‌فغانستان بچێته ده‌ره‌وه

K24 – هه‌ولێر:
بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئیسلامی به‌رهه‌ڵستكاری ئه‌فغانستان داوای له "جۆ بایدن"، پاڵێوراوی سه‌ركه‌وتووی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا كرد، پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه بێت، كه وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌كه له قه‌ته‌ر واژووی كردووه.
به میانگیری قه‌ته‌ر، دوای زیاتر له ساڵێك دانووستانی نهێنی، له مانگی (شوبات/ فێبرایه‌ری 2020)، ئه‌مه‌ریكا و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان رێككه‌وتن.
به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه، نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی سیاسی نوێ بۆ ئه‌فغانستان داده‌نرێت و سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته ده‌كشێته‌وه و تاڵیبانیش به‌شداری له پرۆسه‌ی سیاسیی‌دا ده‌كات.
رۆژی (3ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2020)، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه‌چوو، "جۆ بایدن" پاڵێوراوی دیموكراته‌كان توانی سه‌ركه‌وێت.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئیسلامی به‌رهه‌ڵستكاری ئه‌فغانستان داوایكرد، ئیداره‌ی داهاتووی ئه‌مه‌ریكا زیاتر عاقڵانه مامه‌ڵه بكات و چالاكتر بێت بۆ كۆتایهێنان به شه‌ڕ له ئه‌فغانستاندا.
به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌یان، پێویسته له كۆتایی مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو، دوا سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له خاكی ئه‌فغانستان بچێته ده‌ره‌وه.