کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی دەنگدان ڕادەگەیەنێت
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی بەرایی هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەت ڕادەگەیەنێت.
چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا، ئەنجامی بەرایی هەردوو پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەتی ڕاگەیاند.
هەر بە پێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداریی لە هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، 56.11% بوو.
عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسەکەدا گوتی: پرۆسەی دەنگدان بە شێوەیەکی زۆر باش و سەرکەوتوو بەڕێوە چوو.
ئاماژەی بەوە دا، ئامێرەکانی دەنگدان بە درێژایی ڕۆژی هەر دوو دەنگدانی گشتی و تایبەت هیچ کێشەیان نەبوو، هەروەها دوای تەواوبوونی پرۆسەکە داتای هەموو وێستگەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی گەڕێندرانەوە بۆ نووسینگەی نیشتمانیی کۆمیسیۆن.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتیشی: جیاکردنەوەی دەستی و ئەلیکترۆنی دەنگەکان لە سەرجەم وێستگەکان بە شێوەی 100% هاوتابوون.
