بایدن چۆن رەفتار لەگەڵ توركیا دەكات؟ لێدوانەكانی پێشوو ھەڵوێستی لە بەرامبەر ئەردۆغان دیار دەكات
رەجەب تەیب ئەردۆغان پیرۆزبایی لە بایدن نەكردووە
.jpg)
K24 – ھەولێر:
سەركەوتنی جۆزێف بایدن لە ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، نیگەرانییەكی زۆری لای ئەنقەرە لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو وڵات درووستكردووە.
سەرۆكی نوێی ئەمەریكا ھەڵوێستێكی توندی لە بەرامبەر ھاوتا توركییەكەی ھەبووە و دەزگاكانی راگەیاندنی توركیا لەم دواییەدا جارێكیدیكە ئەو ھەڵوێستانەی پێشووی "بایدن"یان خستەوە ژێر باس. یەكێك لەو ھەڵوێستانە، بایدن باس لەوە دەكات، پێویستە وڵاتەكەی پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بكات بۆ رووخاندنی ئەردۆغان و بە "ملھوڕ" وەسفیكرد، بەپێی كە "فرانس پرێس" گواستوویەتەوە.
ھەروەھا بایدن دژی بڕیاری گۆڕینی ئایا سۆفیا بوو بەكردنی مزگەوت و ئەنقەرەی تۆمەتباركرد بەنانەوەی گرژی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا و گڕدانی ململانێ لە قەوقاز. نیازی خۆیشی راگەیاند لەوە ئەردۆغان ناچار بكات باجی كڕینی سیستەمی ئێس 400 لە رووسیا بدات.
داواشیكرد، فشاری زیاتر بخرێتە سەر توركیا بۆ كەمكردنەوەی گرژی لەگەڵ یۆناندا، ھەروەھا داواشیكرد ئەنقەرە لە ھەر ھەوڵێكی دیبلوماسی بۆ شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دووربخرێتەوە.
ھەر لە بارەی پەیوەندییەكانی بایدن بە ئەردۆغان، چالاكوانانی پێگەكانی میدیای كۆمەڵایەتی، ڤیدیۆیەكی سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكایان لە بارەی سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بڵاوكردەوە، تێیدا دەڵێت: ئەردۆغان "باجێكی گەورە دەبێت بدات لەسەر ئەو كارەی كردوویەتی".
ئەو گرتە ڤیدیۆیە، بایدن لە سەر لاپەڕەی فەرمی خۆی لە 17ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019 بڵاوكردووەتەوە و لە بارەی گوتوویەتی: "ھەزاران كاتژمێرم لە ژووری ئۆپەراسیۆنەكان بەڕێكرد و زۆر كاتژمێرم لەسەر زەوی لەو ناوچانەی سووریا و لە عێراقیش بەڕێكرد، دەزانی چی؟ ھەموو سەركردەكانی پێشوو و ئێستامان شەرمەزارن لەوەی لەوێ روودەدات..."، وەك تۆڕی "سی ئێن ئێن گواستوویەتەوە.
ھەر لەو گرتە ڤیدیۆیەدا گوتیشی: "توركیا كێشەی راستەقینەیە لێرە، گفتوگۆیەكی داخراوی راستەقینەم لەگەڵ ئەردۆغان دەبێت و ئاگاداریشی دەكەمەوە كەوا باجێكی گران دەدات لەسەر ئەو كارەی كردوویەتی، ئێستا ئەو باجە بدە".
جێگری سەرۆكی توركیا، فوئاد ئوكتای، شەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی ھیچ مەترسییەكی نییە لە ئەگەری ھەڵبژاردنی كاندیدی دیموكراتەكان، جۆزێف بایدن وەك سەرۆكی ئەمەریكا و لێدوانەكانی پێشووتری بایدن لە بارەی ئەنقەرەوە بە "جێگای داخ" وەسفكرد.
ئۆكتای لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵی فەرمی گوتیشی: ئەنقەرە جیاوازی لە نێوان كاندیدەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا ناكات. لە بارەی ئەگەری سەرھەڵدانی كێشە، كە لەوانەیە وڵاتەكەی دووچاری ببێت لە ئەنجامی بردنەوەی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە لایەن "بایدن"ەوە، ئۆكتای گوتی: "توركیا، توركیای كۆن نییە، بەڕاستی لە توركیا گۆڕانكاری لە عهقڵیهتدا كراوە".
ئۆكتای گوتیشی: توركیا لە میحوەری تایبەتی خۆی لە سەر ئەنادۆڵ راوەستاوە، نەك لەسەر میحوەری كەسێكی دیكە، و قیبلەنمای ھەیە و ھەڵسانگاندنی رووداوەكان بە پێی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەكات". ئاماژەشیكرد، ئەنقەرە رێگا بە ھیچ كەسێك نادات دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆییدا بكات و لێدوانەكانی پێشووتری بایدنی بە "جێگای داخ" ناوبرد.
لە ئاماژەیهكەدا بۆ ئەو تەنگژەی چاوەڕوانی ئەردۆغان دەكات، سەرۆكی ئەنجوومهنی "حزبی گەلی كۆماری"ی بەرھەڵستكار لە توركیا، كەمال كیچدارئۆغلو پیرۆزبایی لە جۆزێف بایدن كرد بە بۆنەی سەركەوتنی لە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.
كلیچدارئۆغلو لە تویتێكیدا نووسیی: "دەمەوێت پیرۆزبایی لە بایدن بكەم بە بۆنەی ھەڵبژاردنی وەك 46مین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان، ھەروەھا لە جێگرەكەی، كامالا ھاریس. چاومان لەبەھێزكردنی پەیوەندییە ستراتیجییەكانی توركی ئەمەریكییە".
تاكو ئێستا سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پیرۆزبایی لە بایدن نەكردووە، ھەرچەندە بایدن سەركەوتنی خۆی لە ھەڵبژارندنەكان راگەیاندووە، دواتریش سەرۆكایەتی توركیا رایگەیاند، ئەوان چاوەڕێی بە فەرمی راگەیاندنی ناوی براوەی سەرۆكایەتی دەكەن.
سەرچاوە: "حفریات"