لە بۆکان کتێبخانەیەک بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێتەوە

 لە شاری بۆکان، سەر بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەنجوومەنی خێرخوازیی ئومێد، کەمپینێکی بۆ پێکهێنانی کتێبخانەی تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە، هەروەها کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی بۆ ئەو نەخۆشانە بەڕێ خستووە، کەمپینەکە ڕۆژی 15 تشرینی دووەم بە بەڕێوەبردنی کۆڕێک بۆ ڕێزگرتن لە خێرخوازان کۆتایی بە کارەکانی دێنێت. 

ئەنجوومەنی خێرخوازیی ئومێدی بۆکان بۆ هاوکاریی نەخۆشانی شێرپەنجە کەمپینێکی کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ ئەو نەخۆشانە لە سەنتەری شارەکە بەڕی خستووە و داوا لە خێرخوازان کراوە، بە پێشکەشکردنی کتێب و هاوکاریی دارایی لەو هەڵمەتەدا بەشدار بن. 

غەفوور شێخی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی خێرخوازیی ئومێد بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە دوو جۆر داوامان لە خەڵکی خۆشەویست و هاوشاریان هەیە کە یارمەتیدەری ئەنجوومەن بن، یەکەمیان وەک دیاری ئەو کتێبانەی کە هەیانە و پێویستییان پێی نییە وەک دیاری بیبەخشنە کتێبخانەی ئومێدی ئەنجوومەنی بۆکان، یان ئەوەی بە بڕێکی کەمیش بێت بە پارە یارمەتیدەری ئەنجوومەن بن.

مونا عەلیئاغایی، ئەندامی ئەنجومەنی خێرخوازیی ئومێد، دەڵێت: کەمپینەکە تایبەت بە کتێب، خەڵکی جگە لە کتێب دەتوانن بە دووجۆری دیکە یارمەتی دەربن بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە. 

ئامانجی ئەنجوومەکە ئەوەیە کە بە پێکهێنانی کتێبخانەیەک هەم ئاستی زانیاریی نەخۆشانی شێرپەنجە بەرز بکاتەوە، هەم بە وەرگرتنی ئابوونەوە لە ئەندامی کتێبخانەکە هاوکاری بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دابین بکات. هاوکات لە کەمپینەکەدا خێرخوازان دەتوانن هاوکاریی داراییش پێشکەش بکەن.

 

ئەمین گەردیگلانی، شاعیر و وەرگێڕ دەڵێت: ئەنجوومەنی ئومێد لە شاری بۆکان گرنگی دەدات بەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، دەستو بازویان هەڵکردووە بۆ ئەو نەخۆشانەی کە هاتوچۆی ئەنجوومەنەکەیان دەکەن، هیوادارم خەڵکی بۆکان و دەوروبەری لە هەرشوێنێکی کوردستان بن بەشداری لەم کەمپینەدا بکەن. بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشانەی دەچنە ئەنجوومەنەکە بەدەستی بەتاڵ نەگەڕێنەوە.

پڕشنگ ئیلخانیزادە، مامۆستای قوتابخانە ئاماژەی دا، نەخۆشانی ئێمە چاوەڕیی میهر و خۆشەویستین، هەمیشە دڵخۆشی پارە نییە، جاری وایە یەک کتێب دڵخۆشییەکی زۆری هەیە، دەبێت دەستی خەڵک بگرین تاکوو خودا دەستمان بگرێت.

کەمپینەکە ڕۆژی 15 تشرینی دووەم لە هۆڵی سیمرغی شاری بۆکان بە بەڕێوەبردنی کۆڕێک بۆ ڕێزگرتن لەو کەسانەی کتێب و هاوکارییان پێشکەش بە ئەنجومەنی خێرخوازیی ئومێد کردووە، کۆتایی بە کارەکانی دێنێت. هاوکات ئەنجومەنەکە ڕایگەیاندووە، لەومەودوا لە کتێبخانەکەی ئەنجومەن بەردەوام کۆڕ و کۆنفرانسی زانستی لەسەر نەخۆشیی شێرپەنجە بەڕێوە دەبات.

 
 
Fly Erbil Advertisment