وشکەساڵی جووتیاران و ئاژەڵدارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نیگەران کردووە
بابەتی گەرم و گرینگی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەگشتی، بێئاوی و وشەکەساڵییە. بێئاویی خەڵکی هەموو ناوچەکانی ئێران، بە تایبەت خەڵکی جووتیار و ئاژەڵداری گوندەکانی زۆر نیگەران کردووە.
شێخ محەممەد باختەر، جووتیار، بە کوردستان24ـی گوت: زەویمان هەیە ساڵان دەمانکرد بە وێنجە، باوەڕ بکە ئێستا سێ چوار نەمامە گوێزمان تێدا چاندبوو، ئەویش لەبەر بێئاوی وشکیان کردووە. هەرچییەک بینێژین، پاش ماوەیەک لەبەر بێئاوی وشک دەکات و ئێمەش ناچار دەستی لێ هەڵدەگرین.
ئیبراهیم موتەهەری، بەدەم کێڵانی زەوییەکەیەوە، دەڵێت: ئەمساڵ 60 عەلبە گەنمم چاندووە بەڵام تا ئێستا یەک دڵۆپە بارانیش نەباریووە، ساڵانی پێشوو ئەم کاتانە باران باریبوو و گەنمیش سەوز بووبوو، بەڵام ئەمساڵ دیار نییە کەی باران دەبارێت بۆیە جووتیارانیش دڵساردن و زۆریان ناوێرن گەنم بچێنن. خەڵکی ناوێرن کشتوکاڵ بکەن، ساڵان، ئەم کاتە خەڵکەکە هەموو سەرقاڵی زەوی کێڵان و ئاودێریی بوون؛ بەڵام ئەمساڵ ناوێرین. جیا لە بێبارانیش سن و کولـلە و گەزەندەی تر زیادیان کردووە.
بێئاوی و وشکەساڵی و نەبوونی سەوزایی لە دەشت و شاخەکان، سامانی ئاژەڵیشی خستووەتە مەترسییەوە. بە گوتەی ئاژەڵداران ساڵانی رابردوو لەوەڕگە و کێوەکان پڕ بوون لە ئاژەڵ، بەڵام ئێستا سەوزایی نییە و ئاژەڵداران ناچارن ئاژەڵەکانیان ببەنە دەوروبەری ئاواییەکانیان یان لە بیرەکانەوە دوو دەبە ئاویان بۆ هەڵکێشن بۆ خواردنەوەیان.
عەزیز بادام، ئاژەڵدار، دەڵێت: وشکەساڵی ماڵاتەکەشمانی پەرێشان کردووە، کانی و ڕووبارەکان وشکیان کردووە. لەوەڕگەکانیش بەشی لەوەڕی ئاژەڵەکانمان ناکات. ساڵان ئێرە هەمووی ئاو و تەڕایی بوو.
بەرپرسان و پسپۆڕانی ئێران، هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیە، بۆ بەکارهێنانی لە ڕادەبەدەری ئاوی ژێرزەوی، کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان و نەبوونی پەیوەندیی دروست لە نێوان پیشەسازی، زانکۆ و دەزگاکانی جێبەجكردن دەگەڕێننەوە.
