هاووڵاتییان: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە ئارامی، نیشانەی سەقامگیری و پێشکەوتنی کوردستانە
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە ئارامی بەڕێوەچوو. هێمنی و ئارامی کاتی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستان، بە گوتەی هاووڵاتییان، موژدەی سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاترە.
لە جەرگەی شاری هەولێر، هاووڵاتییان ڕۆژێک دوای هەڵبژاردن، ڕۆژێکی پاییزیان بەڕێ کرد. لەگەڵ هەر یەکێکیان قسە دەکەیت، پرۆسەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتوو دەزانن. زیاتر باسی بەڕێوەچوونی دیموکراسیانەی پرۆسەکە دەکەن. خۆشحاڵن بەو کەشە ئازادە.
محەممەد چیوەیی، دانیشتوویەکی هەولێر، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "دوێنێ دەنگمان دا. هیچ کێشەیەکمان نەبوو. هەموو لایەنەکان بە ئازادی دەنگی خۆیان دا. هەر هاووڵاتییەک ئازاد بوو دەنگ بە لایەنی دڵخوازی خۆی بدات."
عەلی ئەحمەد، دانیشتوویەکی دیکەی هەولێر، گوتی: "دەنگدانەکە زۆر بە شێوەیەکی هێمنانە و بێکێشە بەڕێوەچوو."
سەرکەوت محەممەدیش گوتی: "هەموو میللەتانی جیهان چاویان لەسەر هەرێمی کوردستانە. ئەمە بەهۆی ئەو ئارامی و خۆشگوزەرانییەوەیە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە."
هەڵبژاردن پرۆسەیەکی سیاسییە. لە هەمان کاتدا باوەڕێک دروست دەکات. ئەم باوەڕە دەکرێت خاڵێکی هاوبەش لە نێوان جیاوازی بیروبۆچوونەکانی سیاسی هەبێت، ئەویش ئارامییە. بە گوتەی هاووڵاتییان، ئەمە یەکێکە لە بنەماکانی سەرکەوتنی هەڵبژاردنێکی دیموکراسی و شەفاف.
نیاز فوئاد، دانیشتوویەکی هەولێر و خەڵکی کەرکووک، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "بەیانی زوو چووم بۆ کەرکووک و دەنگی خۆم دا. دەمەوێت دەنگی کورد لە کەرکووک نەفەوتێت. پرۆسەکە لەوێش زۆر بە هێمنی بەڕێوەچوو. بە هەمان شێوە لە هەولێریش هیچ کێشە و گرفتێک نەبوو."
عەبدولعەزیز خالید، هاووڵاتییەکی دیکە، گوتی: "پرۆسەکە زۆر بە ڕێکوپێکی بەڕێوەچوو. هیچ شتێکی نامۆمان نەبینی. هاووڵاتییان دەهاتن و دەنگی خۆیان بە لایەنی خوازراوی خۆیان دەدا، بێ جیاوازی."
هەڵبژاردنی ئەمجارەش کۆتایی هات. هاووڵاتییانیش بە دوور لە ترس و دڵەڕاوکێ و هەڕەشە دەنگیان دا. ئەمەش بە فاکتەری ڕاستەقینەی پرۆسەکە هەژمار دەکرێت.
