کۆمیسیۆن سکاڵاکان یەکلایی دەکاتەوە و خۆی بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دەنگدان ئامادە دەکات
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕوونی کردەوە، ئەو سکاڵایانەی تا ئێستا لە بارەی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا تۆمار کراون، هیچ کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکان نابێت.
پێنجشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو سکاڵایانەی کە تا ئێستا پەیوەست بە دەنگدانی گشتی و تایبەتدا تۆمار کراون، ژمارەیان کەم بووە و کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکان نابێت، چونکە سکاڵاکان وەک جۆری ڕەنگی سوور پۆلێن نەکراون.
کۆمیسیۆن ڕوونی کردەوە، سکاڵاکان بە پێی سێ ڕەنگ پۆلێن دەکرێن کە ئەمانەن؛ یەکەمیان ڕەنگی زەرد، سکاڵای بێ بەڵگەیە. دووەمیان سکاڵای ڕەنگی سەوز، کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی کارگێڕیی هەیە، بەڵام کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان نابێت. سێیەم؛ سکاڵای ڕەنگی سوور، هەر جۆرە سکاڵایەک بەو ڕەنگە پۆلێن کرابێت، کاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت.
لای خۆیەوە عامر موسا حوسێنی، سەرۆکى بەڕێوەبردنى هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆن، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئێستا کۆمیسیۆن بەردەوامە لە پۆلێنکردنی سکاڵاکانی پەیوەست بە ڕۆژی دەنگدانی گشتی، ئەمڕۆش دوا ڕۆژە بۆ وەرگرتنی ئەو سکاڵایانە.
وا بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە لایەن كۆمیسیۆنەوە ڕابگەیەنرێت.
هەر ئەمڕۆ کۆمیسیۆن ڕایگەیاندبوو، کە 101 سکاڵایان سەبارەت بە پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت پێگەیشتووە، کە 44ـیان پەیوەندیی بە دەنگدانی تایبەتەوە هەیە، 57 سکاڵاشیان پەیوەندیی بە دەنگدانی گشتییەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەش کردبوو، تا ئێستاش ئەو سکاڵایانە لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەگوێرەی پەیڕەو و ڕێکارە دامەزراوەکان.
ڕۆژی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەت و دوو ڕۆژ دواتریش سێشەممە، دەنگدانی گشتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو.
