پزیشکێکی کورد: وەرزش و خەوی ڕێک لە نەخۆشی شەکرە دەتپارێزێت
ئەمڕۆ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شەکرەیە، کە یەکێکە لە نەخۆشییە درێژخایەنە مەترسیدارەکان و تا دوایی تەمەن لەگەڵ نەخۆشدا دەمێنێت، بە گوێرەی دوایین ئاماری سەنتەری تایبەت بە نەخۆشی شەکرە، تەنیا لە هەولێر 60 هەزار تووشبووی نەخۆشی شەکرە تۆمارکراوە.
پزیشکان هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە بۆ بۆماوەیی دەگەڕێننەوە، هەروەها جۆری خواردن و کەمی جووڵەش هۆکارن بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە.
سەنتەری گەلیاوەی فێرکاری، تاکە سەنتەری تایبەتە بە چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە لە هەولێر، ڕۆژانە تووشبووانی شەکرە سەردانی ئەم سەنتەرە دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری درێژخایەن.
دکتۆر مەهدی موستەفا پزیشک لە سەنتەری گەلیاوە ڕایگەیاند، وەرزشی ڕۆژانە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی شەکرە، جگە لەمەش چەند هۆکارێکی دیکەش هەن کە لەنێوانیان پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خەوی ڕێکوپێک و هەروەها کەمکردنەوەی ڕێژەی سترێسی ڕۆژانە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە دەبێت.
هەروەها ئەم پزیشکە گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەی زۆری بە چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە داوە و لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی سەنتەری تایبەت بە نەخۆشی شەکرە دروستکراوە.
حوسێن تووشبووێکی شەکرەیە کە تەمەنی 75 ساڵە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی ئەم سەنتەرەی کردووە دەڵێت،هەر لە تەمەنی منداڵییەوە ئارەزووی خواردنی شیرینیم نەبووە بەڵام نەخۆشییەکەم بۆماوەییە و لە دایکمەوە بۆم ماوەتەوە.
بە گوتەی مام حوسێن نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە بریتین لە: وشکبوونی دەم کاتێک شیرینی دەخۆیت و زۆر تینوو دەبیت و میزکردنیش زیاد دەکات، هەروەها بێتاقەتی و خەواڵووبوونیش نیشانەی نەخۆشییەکەن و هەروەها نیشانەکان تووڕەبوونیش لەخۆ دەگرێت.
کەمبوون و کارنەکردنی هۆرمۆنی ئەنسۆلین هۆکاری سەرەکین بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە کە هۆرمۆنی بەرپرسە بە کەمکردنەوەی ڕێژەی شەکری خوێن و نەخۆشییەکە بە نەخۆشییەکی بێدەنگ ناونراوە و ڕێژەی تووشبووانیشی لە جیهاندا زۆرە.
