گوتارخوێنی مزگەوتێکی بەغدا: ئەوەی بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە، مافی دامەزراندنی نییە

عەبدولوەهاب سامەڕایی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی 'ئەبو حەنیفە نوعمان' لە بەغدا
عەبدولوەهاب سامەڕایی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی 'ئەبو حەنیفە نوعمان' لە بەغدا

پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتێک لە بەغدا، پەیامێکی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە و گوتی: ئەوانەی بەشدارییان لە پرۆسەکەدا نەکردووە، مافی ئەوەیان نییە داوای دامەزراندن بکەن.

هەینی، 14ـی تشرینی دووەمی 2025، عەبدولوەهاب سامەڕایی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی 'ئەبو حەنیفە نوعمان' لە بەغدا، لە گوتاری ئەمڕۆیدا ئاماژەی بەوە کرد، پێم سەیرە ئەوانەی بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان کردووە، دواتر دێن داوای خزمەتگوزاری یان هەلی کار دەکەن، بەڕاستی دواکاری و ڕەفتاری ئەو جۆرە کەسانە زۆر نالۆژیکییە.

ئەو گوتارخوێنەی مزگەوتی 'ئەبو حەنیفە نوعمان' ڕایگەیاند: بایکۆتکردنی هەڵبژاردن جۆرێکە لە خۆسزادان، چونکە بایکۆتکردنی پرۆسەکە وەک ئەوەیە بێیت و چارەسەر ڕەت بکەیەوە و دواتر بپرسیت پەرلەمانتاران چییان بۆ میللەت کردووە؟.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەو کەسانەی بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان کردووە، هیچ مافێکیان نییە داوای ئەوە بکەن لە کەرتی گشتیدا حکوومەت دایانبمەزرێنێت.

هاوکات سامەڕایی، داوای لە کاندیدە براوەکانی هەڵبژاردن کرد، کە واز لە قسە باق و بریقەکانی پێش هەڵبژاردن بێنن و کاتی خۆیان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان تەرخان بکەن.

لە کۆتایی گوتارەکەشیدا باسی لەوە کرد، عێراق پێویستی بە گوتارێکی سیاسیی یەکگرتووە، کە ئامانجەکەی بنیاتنان بێت نەک تێکدان، هەروەها بەرژەوەندیی دانیشتووانی وڵاتەکەش لەبەر چاو بگیرێت.

ڕۆژی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەت و دوو ڕۆژ دواتریش سێشەممە، دەنگدانی گشتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو. 

 
 
Fly Erbil Advertisment