مادورۆ بۆ ترەمپ؛ بەڵێ بۆ ئاشتی

نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کرد و داوای لێکرد "خۆی بگرێت" لە کاتێکدا کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە کەناراوەکانی کاریبی نمایشێکی سەربازی بەرفراوان ئەنجام دەدەن.

لە گردبوونەوەیەکدا لە کاراکاس، پەیامنێری سی ئێن ئێن پرسیاری لە مادورۆ کرد، ئایا هیچ پەیامێکی بۆ ترەمپ هەیە، مادورۆ بە زمانی ئینگلیزی گوتی: "بەڵێ بۆ ئاشتی، بەڵێ بۆ ئاشتی."

سەرۆکی ڤەنزوێلا هەروەها داوای لە گەلی ئەمەریکا کرد دژی جەنگ بوەستنەوە و گوتی: "چیتر جەنگی بێکۆتایی نەبێت. چیتر جەنگی ناڕەوا نەمێنێت. چیتر لیبیا و ئەفغانستانی دیکە نا."

هاوکات لەگەڵ قسەکانی مادورۆ، پێنتاگۆن وێنەی کەشتی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جیراڵد فۆرد"ی بڵاوکردەوە، گەورەترین کەشتی جەنگییە لە جیهاندا. لە وێنەکاندا، کەشتییەکە بە یاوەری سێ کەشتی جەنگی دیکە و فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری دوورمەودا لە ڕۆژئاوای زەریای ئەتڵەسی دەردەکەوێت.

ئەم جووڵە سەربازییە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە بە ناوی "ڕمی باشوور" بە وتەی پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا، ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردنە بە ماددە هۆشبەرەکان. بە گوێرەی زانیارییەکان، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی ئەمەریکا نزیکەی 20 بەلەمی گومانلێکراویان نوقم کردووە و نزیکەی 80 کەسیشیان کوشتووە.

ئەم ئامادەبوونە سەربازییە چڕەی ئەمەریکا لە نزیک ڤەنزوێلا، گومان و پرسیاری لەسەر ئەگەری هەوڵی واشنتن بۆ گۆڕینی ڕژێمی کاراکاس دروست کردووە. ئەم گومانانە زیاتر بوون کاتێک ترەمپ دانی بەوەدا نا کە دەسەڵاتی داوەتە سی ئای ئەی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی شاراوە لە ڤەنزوێلا.

مۆسکۆ، کە هاوپەیمانێکی نزیکی کاراکاسە، هۆشداری داوەتە ئیدارەی ترەمپ دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی خاوەن سەروەری وەربدات لەژێر پەردەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا. ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند: "دۆخەکە خراپتر دەبێت بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا هیچ بەڵگەیەک پێشکەش ناکەن کە بیسەلمێنێت ئەو کەشتیانەی کراونەتە ئامانج، پەیوەندییان بە بازرگانیی نایاسایی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەبووە."

 
Fly Erbil Advertisment