ڕۆژنامەی گاردیان پلانێکی ئەمەریکا بۆ دابەشکردنی غەززە ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ شەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕۆژنامەیەکی گاردیانی بەریتانی پلانێکی ئەمەریکای ئاشکرا کردووە کە بەنیازە غەززە دابەش بکات.
ڕۆژنامەی "گاردیان"ـی بەریتانی پلانێکی ئەمەریکا ئاشکرا دەکات، کە دەیەوێت غەززە بەسەر "ناوچەی سوور" و "ناوچەی سەوز" دابەش بکات، کە ناوچەی سەوز لەلایەن هێزە نێودەوڵەتی و ئیسرائیلییەکانەوە پارێزگاریان لێ دەکرێت و ئاوەدان دەکرێتەوە، بەڵام ناوچەی سوور بە وێرانەیی دەمێنێتەوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتادا هێزە بیانییەکان شانبەشانی سەربازانی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی غەززە جێگیر دەکرێن. هەروەها بەرپرسێکی ئەمەریکی، بە بێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات، بە ڕۆژنامەکەی گوت: "لە بنەڕەتدا هەمووی دەکرێت بە یەک پارچە، بەڵام ئەوە کەمێک کاتی دەوێت. ئاسان نابێت."
بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. زیاتر لە 80%ی باڵەخانەکانی غەززە زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بوون، نزیکەی هەموو قوتابخانە و نەخۆشخانەکانیش بەهەمان شێوە وێران بوون و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی بەپەلە هەیە.
زیاتر لە مانگێک بەسەر ئاگربەستەکەدا تێپەڕیوە، ئیسرائیل بەردەوامە لە سنووردارکردنی گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە، لەوانەش قەدەغەکردنی کەلوپەلی سەرەتایی، وەک ستوونی چادر، چونکە دەڵێت، توانای بەکارهێنانیان هەیە بۆ مەبەستی سەربازی.
نزیکەی 1.5 ملیۆن فەڵەستینی چاوەڕێی کەلوپەلی فریاگوزاریین و سەدان هەزار کەسی دیکەش لە چادردا دەژین بەبێ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک ئاوی خاوێن، زیاتر لە 2 ملیۆن کەسیش لە ناوچەی سووردا دەژین، کە قەراغێکی کەنار دەریاکەیە و کەمتر لە نیوەی ڕووبەری غەززە پێکدەهێنێت.
ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ڕۆژی هەینی داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد "خێرا بکەن" لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەمەریکا کە پشتگیری لە پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپی بۆ کەرتی غەززە دەکات.
ئەمەریکا، قەتەر، میسر، ئیمارات، سعوودیە، ئیندۆنیزیا، پاکستان، ئوردن و تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەمەریکا دەربڕی کە باس لە پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ غەززە دەکات، هیواشیان خواست ئەو بڕیارنامەیە بەزووترین کات پەسەند بکرێت.
بڕیارنامەکە دەسەڵات بە وڵاتان دەدات، هێزێکی کاتی سەقامگیری نێودەوڵەتی پێکبهێنن بۆ کارکردن لەگەڵ ئیسرائیل، میسر و پۆلیسی تازە مەشقپێکراوی فەڵەستین بۆ یارمەتیدانی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان و داماڵینی چەک لە کەرتی غەززە.
ئەم بڕیارنامەیە بە پێچەوانەی ڕەشنووسەکانی پێشووەوە ئاماژەیە بۆ ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینی لە داهاتوودا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شەرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو، هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.

