ویلایه‌تی جۆرجیا هه‌ژماركردنه‌وه بۆ ده‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كاته‌وه
له ویلایه‌تی ئالاسكا تره‌مپ بردییه‌وه
.jpg)
K24- هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی باڵا له ویلایه‌تی جۆرجیای ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ته‌واوی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌و ویلایه‌ته دووباره هه‌ژمار ده‌كرێنه‌وه، كه له 3ی ئه‌م مانگه به‌ڕێوه‌چوو.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، براد رافینسبیرجه‌ر، سكرتێری ویلایه‌تی جۆرجیا، كه به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ویلایه‌ته داده‌نرێت، گوتی: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان زۆر له‌یه‌كه‌وه نزیكن، بۆیه له‌ڕووی ژماره‌وه، پێویسته پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه له رێگه‌ی ده‌سته‌وه بۆ ته‌واوی ده‌نگه‌كانی ئه‌و ویلایه‌ته بكرێته‌وه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێمه ده‌مانه‌وێت به‌ر له كۆتاییهاتنی ئه‌م هه‌فته‌یه ده‌ست به‌و پرۆسه‌یه بكه‌ین".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، كه‌مپه‌ینی دۆناڵد تره‌مپ داوایه‌كی یاسایی بۆ وه‌ستاندنی پرۆسه‌ی هه‌لاوێكردن و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان له ویلایه‌ته‌كانی جۆرجیا، میشیگان، پێنسلڤانیا و ویسكۆنسن به‌رز كردبووه‌وه.
له داواكارییه‌كه‌ی كه‌مپه‌ینی تره‌مپدا هاتووه، چاودێرانی كۆمارییه‌كان كارمه‌ندێكی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان بینیوه، كاتێك كۆمه‌ڵێك كارتی ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنیی چاره‌سه‌رنه‌كراوی له ژوورێكی تایبه‌ت تێكه‌ڵ به‌و كارتانه كردووه، كه بۆ هه‌ژماركردن ئاماده‌كرابوون.
لای خۆشیه‌وه گابریێل ستیرلینگ، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری سیسته‌می ده‌نگدان له جۆرجیا دووپاتی كرده‌وه، هه‌ردوو ركابه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی "تره‌مپ و بایدن" له 49.4%ی ده‌نگه هه‌ژماركراوه‌كانیان به‌ده‌ستهێناوه، وێڕای ئه‌وه‌ی تا سه‌رله‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی بایدن به 1579 ده‌نگ له‌پێش تره‌مپه‌وه بوو، به‌ڵام هێشتا 4 هه‌زار و 169 ده‌نگ ماونه‌ته‌وه كه تائێستا هه‌ژمار نه‌كراون و به جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگانه ئه‌نجامه‌كان له‌و ویلایه‌ته یه‌كلایی ده‌بنه‌وه.
هه‌رئه‌مڕۆش كۆمپانیا ئه‌دیسۆن ریسێرچ رایگه‌یاند، له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له ویلایه‌تی ئالاسكا، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر جۆ بایدن، كاندید دیموكراته‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته سه‌ركه‌وتووه.
ئه‌دیسۆن ریسێرچ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، سه‌ركه‌وتنی تره‌مپ له ئالاسكا هیچ له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ناگۆڕێت.
هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتنی جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراته‌كانیان له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته راگه‌یاند، به‌ڵام تا ئێستا دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و هاوكات ركابه‌ره‌كه‌ی بایدن ئاماده نییه دان به ئه‌نجامه‌كاندا بنێت و ئه‌و ده‌ڵێت: ساخته‌كاری زۆر له به‌رژه‌وه‌ندی بایدن له پرۆسه‌كه‌دا كراوه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سكاڵای یاسایی له دادگای باڵای ئه‌مه‌ریكا تۆماركردووه، وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكاش داواكه‌ی په‌سه‌ند كردووه و بڕیاریدا له‌و ویلایه‌تانه‌ی گومانیان له‌سه‌ر، دووباره ده‌نگه‌كان هه‌ژمار بكرێنه‌وه.
H.B