بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر دادەنرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دادەنرێت.
پرۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر، بە یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی ژێرخانی ژینگەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و بڕی 579 ملیۆن دۆلاری لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەرخان کراوە؛ کە لەسەر ڕووبەری 205 دۆنم زەوی لە ڕۆژئاوای شاری هەولێر دروست دەکرێت و توانای پاککردنەوەی 840 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی (ئاوی ڕەش و خۆڵەمێشی) لە ڕۆژێکدا دەبێت.
هەروەها بە شێوەیەک داڕێژراوە کە بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو خزمەتی دانیشتوانی هەولێر بکات و لەگەڵ فراوانبوونی شاردا بگونجێت.
قۆناغی دووەمی ئەم پرۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای ناوخۆی (ئاوزان)ەوە جێبەجێ دەکرێت و قۆناغی یەکەمیشی لەلایەن ئاژانسی جایكای ژاپۆنییەوە (JICA) جێبەجێ کراوە.
پرۆژەکە لە سێ پێکهاتەی سەرەکی پێکدێت:
پێکهاتەی یەکەم: دروستکردنی تۆڕێکی گواستنەوەی ئاوەڕۆ، بەدرێژایی 21.9 کیلۆمەتر، کە 5.3 کیلۆمەتری بە تەکنیکی پێشکەوتووی (Pipe Jacking) جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش وا دەکات پێویست بە هەڵکۆڵینی شەقامەکان نەکات.
پێکهاتەی دووەم: بریتییە لە وێستگەیەکی مۆدێرنی چارەسەرکردن (WWTP)، کە پرۆسەی پاککردنەوەکە لە چەند قۆناغێکی وەک سکرینکردن، هەواگۆڕكێ و پاڵاوتن ئەنجام دەدات. هەروەها ئاوی پاککراوە بۆ مەبەستی جیاواز بەتایبەت کشتوکاڵ، دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە.
پێکهاتەی سێیەم: قۆناغێکی دووساڵەی کارپێکردن و چاککردنەوەیە، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی و کارایی وێستگەکە.
گرنگیی ئەم پرۆژەیە لە چەند خاڵێک کۆدەبێتەوە لەوانە:
-ڕێگری لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە ئاوییە سروشتییەکان دەکات و ئاوی ژێر زەوی لە پیسبوون دەپارێزێت.
- مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان بەهۆى ئاوەوە کەم دەکاتەوە.
- پشتگیری لە کشتوکاڵێکی پاکتر دەکات و لەگەڵ ستانداردە ژینگەییە نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێت.
هەروەها بە تەواوبوونیشی، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە بنیاتنانی شارێکی پاکتر، تەندروستتر و گەشەسەندووتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگێڕێت.
