ئێران.. هەوای پیس ڕۆژانە 161 کەس دەکوژێت

لە بێئاوی و وشکەساڵییەوە تا پیسبوونی هەوا، لە ڕۆچوونی زەویەوە تا لەناوچوونی دارستانەکان، قەیرانە ژینگەییەکانی ئێران، هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەیان هەراسان کردووە.

 بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 59 هەزار هاوڵاتی لە ساڵی 2024دا پەیوەندیی بە پیسبوونی هەواوە هەبووە. 

ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' لە زاری عەلیڕەزا ڕەئیسی، جێگری وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە "خەمڵاندنەکان دەریدەخەن لە ساڵی 2024 نزیکەی 58 هەزار و 975 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە وڵاتدا بەهۆی هەلمژینی هەوای پیسەوە بووە."

 ئەم ژمارەیە یەکسانە بە 161 حاڵەتی مردن لە ڕۆژێکدا و نزیکەی 7 حاڵەتی مردن لە هەر کاتژمێرێکدا، حاڵەتێک، دەکرێت تەنیا لەگەڵ وڵاتێکی لەشەڕدا تێوەگلاو بەراورد بکرێت.

پیسبوونی هەوا تەنیا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە ئێران نییە، بەڵکو بارە ئابوورییەکەشی پشتگوێ ناخرێت؛ بە گوتەی ڕەئیسی، زیانی ئابووریی پیسبوونی هەوا لە ساڵی ڕابردوودا بە نزیکەی 17.2 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، واتە 47 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا.

پشگوێخستنی یاسای هەوای پاک

کەمتەرخەمیی حکوومەت، سەرەڕای کێشە ڕوو لە زیادبوونەکانی پیسبوونی هەوا و دەرەنجامەکانی بۆ سەر تەندروستی و ژیانی هاوڵاتیان، وایکردووە ئەو دامەزراوانەی کە دەبێت لەم بوارەدا چالاک بن، ڕێبازێکی کاریگەر نەگرنەبەر.. یاسای 'هەوای پاک' کە لە ساڵی 2017 پەسەند کرا، هێشتا لەسەر کاغەز ماوەتەوە و جێبەجێ نەکراوە.

 بە گوێرەی یاسای 'هەوای پاک' ئەرکی دامەزراوە جێبەجێکارە جیاوازەکانی وەک وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی نەوت، وەزارەتی وزە، هێزەکانی پۆلیس و ناوخۆ، شارەوانییەکان و ڕێکخراوی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن، هەریەکەیان لە بواری خۆیاندا بەشداریی لە کۆنترۆڵکردنی پیسبوونی هەوادا بکەن؛ بەڵام دیارە بەشدارییەکی ئەوتۆ لەلایەن ئەم ڕێکخراوانە و بەرپرسەکانیانەوە نەکراوە و پیسبوونی هەوا هێشتا دروێنەی گیانی خەڵک دەکات.

زیانە ئابوورییەکانی پیسبوونی هەوا

 عەلیڕەزا ڕەئیسی دەڵێت: لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە 100%ی دانیشتوانی شارەکانی ئێران لە ژینگەیەکی نەگونجاو لەگەڵ ستانداردەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهاندا دەژین. هەروەها، 96%ی دانیشتوانی شارەکان هەوایەکی پیستر لە ستانداردی نیشتمانی هەڵدەمژن. 

بە گوێرەی ڕاپۆرتی بانکی جیهانی، پیسبوونی هەوا، تەنیا لە شاری تاران ساڵانە 2.6 ملیار دۆلار زیان بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت. لەم پارێزگایەدا زیانی پیسبوونی هەوا بۆ هەر هاوڵاتییەک نزیکەی 300 دۆلارە لە ساڵێکدا. هەروەها، هەر ڕۆژێک پشوو بەهۆی پیسبوونی هەواوە لە تاران، زیانی  100 ملیار تومەن بە ئابووریی وڵاتەکە دەگەیەنێت.

 لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی هەوا تەنیا لە نۆ گەورە شاری ئێران، حکوومەت دەبێت بودجەیەکی 206 هەزار ملیار تومەنی تەرخان بکات!

هەرچەندە پیسبوونی هەوا یەکێک لە هۆ جددییەکانی مردنە لە جیهاندا و ساڵانە 7.9 ملیۆن کەس قوربانی دەبنە قوربانی، بەڵام لە ئێران ڕێژەی قوربانیان بە بەراورد بە تێکڕای جیهان بەرزترە. 

دووکەڵی ژەهراوی

یەکێک لە هۆ سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە و هەوای ئێران، جگە لە ناکارامەیی سیاسەتەکانی حکوومەت، زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێلە تایبەتی و گشتییەکانە. لە ساڵی 2011 ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە ئێران 12 ملیۆن بوو، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە 25 ملیۆن ئۆتۆمبیل؛ بەشێکی بەرچاوی ئەم ئۆتۆمبێلانە کۆن و ناستانداردن و هەوا بە دووکەڵی ژەهراوی پیس دەکەن.

 کوالێتیی نزمی سووتەمەنی، بەتایبەتی گازوایل، کێشەیەکی ترە. هەروەها، پیشەسازییەکانی وڵات، بەتایبەت ئەوانەی لە دەوروبەری گەورە شارەکانن، پشکیان لەم پیسبوونە بەرفراوانەدا هەیە؛ سەرباری ئەو ڕاستییە تاڵانە، هێشتا هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەکردنی ئەم قەیرانە کوشندەیە دیار نییە و نازانرێت تا کەی دەبێت هاووڵاتییان باجی کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بدەن؟ 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment