دووبز.. کاندیدێکی دەرچووی حزبی تەقەدووم ماڵی پێشمەرگەیەک گولـلە باران دەکات
داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەم بەهانامانەوە بێت
لە شارۆچکەی دووبز ماڵی پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی لەلایەن کاندیدێکی دەرچووی حزبی تەقەدووم بۆ پەرلەمان و پاسەوانەکانی، گولـلە باران دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەحمەد خەلەف، پێشمەرگەی زێرەڤانی لەبارەی ڕووداوەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆکاری ڕووادوەکە ئەوە بووە، کاندیدێکی حزبی تەقەدووم بەناوی مەهەیمن حەمدانی، گوتی بۆ لە هەڵبژاردن دەنگتان بە ئێمە نەداوە، منیش گوتم من بۆ دەنگتان پێبدەم من پێشمەرگەم، من دەنگ بە حزبەکەم دەدەم خۆ تۆ لە حزبی من نیت.
ئەحمەد خەلەف گوتیشی: موهەیمەن حەمدانی گوتی من بۆتان دێم، ئەوکات سڵاوێکتان لێدەکەم، دواتر هاتووە لە دایک و براکانی داوم و مۆبایلەکانیشی هەمووی بردووە، دەشڵێت: جنێوی بە منیش داوە و گوتیەتی بە کوشتن دەتکوژم، ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەم بەهانامانەوە بێت، داواش دەکەم مافەکەم بسەندرێتەوە و بابەتەکە چارەسەر بکرێت.
دەشڵێت: یاسا هەیە بەڵام موهەیمن لە یاسا بەهێزترە، کۆنترۆڵی ئەم ناوچەیەی کردووە، تانانەت ڕێگە نادات خەڵک بێتە ناو دووبزەوە و دەستی بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە.
ئەحمەد خەلەفی پێشمەرگە گوتی: خۆم و دایکم و خوشک و براکانم سکاڵامان لەسەر موهەیمن تۆمار کردووە، زلـلەیەکی لە دایکم و لە ئەفسەرێکیش داوە، ماڵەکەم و ئۆتۆمبێلەکەشمی بەر فیشەک داوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک سکاڵاکەم ناکشێنمەوە، ئێمە خودا، پاشان سەرۆک بارزانی و یاسامان هەیە، بۆیە سازش لەسە مافەکانم ناکەم.
جەختیشی کردەوە، موهەیمن بەهەڕەشە من دەترسێنێت، ئەوان بە 20 کەس بوونە هەشت کەسیان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەم کە موهەیمن بەخۆی لەدایکمی داوە، هیچ سوڵحێکی عەشایەریش ناکەین دەبێت موهەیمن بچێتە زیندان، بۆیە داوا لەسەرۆک بارزانی دەکەم ئەو مافەمان بۆوەرگرێتەوە.
هاوکات دوای ڕووداوەکە سەرۆک وەزیرانی عێراق هێزێکی تایبەتی ناردووەتە دووبز و شەش لە پاسەوانەکانی موهەیمن حەمدانیان دەستگیر کردووە و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

