ئۆکرانیا پاڵاوگەیەکی نەوتی ڕووسیای بۆمباران کرد
ئۆکرانیا بە درۆن هێرشی کردە سەر پاڵاوگەی نەوتی ڕیازان لە نزیک مۆسکۆ و لە ئەنجامدا ئاگر لە بەشێکی پاڵاوگەکە کەوتەوە.
یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەم 2025، ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی پاڵپشت بە ڕاگەیەنراویی سوپای ئۆکرانیا، بڵاوی کردووەتەوە "ئۆکرانیا بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر پاڵاوگەی نەوتی ڕیازان لە دووری 200 کیلۆمەتری باشووری ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆ و لە ئەنجامدا تەقینەوەیەکی گەورە لە پاڵاوتگەکەدا ڕووی داوە و ئاگر لە بەشێکی کەوتووەتەوە."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی سوپای ئۆکرانیا، ئەم هێرشە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی توانای هێرشی مووشەکی درۆنی ڕووسیایە بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا.
بەرپرسانی ڕووسیا، زۆرجار ددان بە سەرکەوتنی هێرشی لەو شێوەیەدا نانێن و پاوڵ ماڵکۆڤ، پارێزگاری ڕیازان، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "ئۆکرانیا بە 25 درۆن هێرشی کردووەتە سەر پاڵاوگەکە بەڵام هەر هەموویان خراونەتە خوارەوە، بەڵام بەڕێکەوت چەند پارچەیەکیان کەوتوونەتە ناو پاڵاوگەکە."
ماڵکۆڤ گوتیشی: کەوتنی پارچەی درۆنەکان، بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە دامەزراوەکانی پاڵاوگەکەدا.
