هێرشکارانی سەر پێشمەرگەکەی زێرەڤانی دەستگیر کران
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی، هێزێکی ئەمنیی هاوبەش لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و پۆلیسی پارێزگاکە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حەوت پاسەوانی پەرلەمانتار، موهەیمەن حەمدانی، دەرچووە و دەستگیرا کراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی هاتووە؛ ئەم کەسانە تۆمەتبارن بە هێرشکردنە سەر ماڵی خێزانێک لە کەرکوک، تەقەکردن، و هەوڵی ڕفاندنی یەکێک لە کوڕەکانیان. هەروەها تۆمەتبارن بە دەستدرێژیکردنە سەر ئەفسەرێکی سوپا کە هەوڵی داوە ڕێگریی لە هێرشەکە بکات.
ئاماژەی بەوەش دا، گەڕان و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم تێوەگلاوانی دیکەی ڕووداوەکە. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە "ئاسایشی هاووڵاتییان و شکۆمەندی دامەزراوەی سەربازی هێڵی سوورن" و هیچ سەرپێچییەک لەم چوارچێوەیەدا قبوڵ ناکرێت.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی دڵنیایی دەدات کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن بۆ لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانەی دەستیان لەم کارەدا هەیە و دڵنیابوونەوە لەوەی یاسا بەبێ جیاوازی جێبەجێ دەکرێت.
