موسەننا سامەرایی: دەبێت عێراق لە دەستوەردانی دەرەکی و مەترسی و قەیرانەکانی ناوچەکە دوور بخرێتەوە
موسەننا سامەرایی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم لە گوتارێکدا لە کۆڕبەندی مێپس25 لە زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک هۆشداری لە مەترسی و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و گوتی: دەبێت هێزەکانی عێراق کاری هاوبەش بکەن، بۆ ئەوەی وڵات لە مەترسی و قەیرانەکان بە دوور بگیرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2025، یەکەمی ڕۆژی کۆڕبەندی مێپس25 دەستی بە چالاکییەکانی کرد و سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم گوتارێکی لە بارەی دۆخی سیاسی و ناوچەیی دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق پێشکەش کرد و گوتی: ئەم کۆڕبەندە لە زانکۆی ئەمەریکی - دهۆک ، سەکۆیەکی ئایدۆلۆژیایە و کاریگەریی دەبێت لەسەر ئایدلۆژیایەکی بنیادنەر و خوێندنەوەی دۆخەکە، لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە کۆمەڵێک ئاڵنگاریی تێدەپەڕێت.
گوتیشی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەم سەرکەوتنە دەبێتە ڕەنگ کردنی سیاسەتی داهاتووی وڵات، هەروەها بەشداری و دەنگدان، دەرخەری ئەوە بوون کە خەڵکی عێراق متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی و دەستوور هەیە بۆ پاراستنی ژیانی هەمووان.
سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم ئاماژەیدا، ئێستا هەموومان بە یەکەوە دەبێت لە چوارچێوەی پرۆژەی دەوڵەت و ئەرک و بەرپرسیارەتییەکانماندا، پێشکەوتن بە دەست بێنین، چونکە ناوچەکە تووشی کۆمەڵێک ئاڵنگاری و قەیران بووەتەوە، بەرەنگاربوونەوەی دۆخەکە پێویستی بەوەیە، هەموومان بە یەکەوە بەرژەوەندی گەل و وڵات لە ئەولەوییەتی کارەکانمان دابنێین.
موسەننا سامەرایی گوتی: لێرەوە ڕایدەگەیەنم، دەبێت سەروەریی عێراق پارێزراو بێت و دوور لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی و ململانێیەکی ناوچەیی بێت، دەبێت لەم دۆخەدا ڕۆڵێکی ئەرینیمان هەبێت لە پێناو هێورکردنەوەی دۆخەکە و داوای دانوستانێکی هەرێمی بکەین، چونکە عێراق لە مێژوودا ڕۆڵی هەبووە لە سەقامگیری ناوچەکە؛ هاوکات هەماهەنگی و کاری هاوبەشی هێزەکان دەبێتە پاراستنی دەوڵەت و زیادکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە دەستوور و پرۆسەی سیاسی.
