سعوودییه: حووسییه‌كان ئاگریان له وێستگه‌یه‌كی سووته‌مه‌نی جازان به‌ردا
بۆردومانی وێستگه‌ی دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانیان كرد
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تی سعوودییه دانی به‌وه‌دا نا، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن توانیویانه ئاگر له وێستگه‌یه‌كی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان له ناوچه‌ی "جازان"ی باشووری سعوودییه به‌ربده‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له وه‌زاره‌تی وزه‌ی سعوودییه رایگه‌یاند، له ئاكامی به ئامانجگرتنی وێستگه‌كه له لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی "ئه‌نساروڵڵای"ی یه‌مه‌نه‌وه، ئاگر له چه‌ند به‌شێكی وێستگه‌ی دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانی جازان كه‌وته‌وه.
روونیشیكرده‌وه، توانرا ئاگره‌كه خامۆش بكرێت و هیچ زیانێكی گیانی لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه باسی له‌وه‌شكرد، هێرشی حووسییه‌كان ته‌نیا سعوودییه‌ی نه‌كردووه به ئامانج، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت ئاسایشی سه‌رچاوه و هه‌نارده‌ی نه‌وت به ته‌واوی تێكبدات و سه‌قامگیری بازاڕی نه‌وتی جیهان بشێوێنێت و ئابووری جیهان به ته‌واوی تووشی زیان بكات.
سعوودییه له ناوه‌ڕاستی مانگی ئازار/ مارسی 2015ه‌وه هێرشی بۆ سه‌ر یه‌مه‌ن و حووسییه‌كان ده‌ستپێكردووه و هاوپه‌یمانییه‌كی له دژیان درووست كردووه، به‌ڵام تا ئێستا نه‌توانراوه رێگری له هێرشی حووسییه‌كان بۆ سه‌ر سعوودییه بكرێت.