فارس عیسا: پێشتر ڕێککەوتن لە بارەی ناردنی مووچەوە کراوە
سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، گوتی: بۆ مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 ، پێویست بە چوونی شاند بۆ بەغدا ناکات، چونكە پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند: شاندێكی تەكنیكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی چەند پرسێك لە بەغدا بوون.
جەختی لەوە کردەوە، بۆ مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 ، پێویست بە چوونی شاند بۆ بەغدا ناکات، چونكە پێشتر ڕێككەوتن لەسەر پرسی نەوت، بە بانكی مووچەخۆران و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ عێراق هەیە.
سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، گوتی: بە گوێرەی یاسای بودجە کە تا 31 ـی 12 ئەمساڵ كارایە، دەبێت هەموو عێراقییەكان لێی سوودمەند بن و ئێمەش وەك ئەوان لەو سوودمەند بین و پێویست ناكات مامەڵەیەكی سیاسی لەگەڵ ئێمە بكەن.
