عەبدی لە مێپس: کۆتایی هەر شەڕێک دیالۆگە و سووریایەکی لامەرکەزیمان دەوێت

مەزڵووم عەبدی جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە سووریا ببێتە وڵاتێکی لامەرکەزی. دەشڵێت "کۆتایی هەموو شەڕێک دیالۆگە، بۆیە پێویست ناکات چیدیکە شەڕ بکەین."

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دەیان سەرکردە و بەرپرسی حکوومی و حزبیی عێراق و کوردستان؛ سێیەمین ڕۆژی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس25) دەستیپیکرد. 

مەزڵووم عەبدی لە سێیەمی ڕۆژی ئەم کۆڕبەندە، گوتارێکی پێشکەش کرد؛ تێیدا سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ڕێکخەرانی مێپسی کرد بۆ بانگهێشتکردنەکە. ئەو، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە دەربڕی و گوتی "زۆر بە گەرمی پێشوازیمان لێ کراوە."

فەرماندەی گشتیی هەسەدە هیواشی خواست، ئەنجام و ڕاسپاردەکانی شەشەمین کۆڕبەندی مێپس لە شاری دهۆک، یارمەتیدەربن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بەقەڕارکردنی ئاشتی لە ناوچەکە. 

 

ڕێککەوتنی 10ـی ئادار و لێکەوتەکانی

مەزڵووم عەبدی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری ئەمساڵ لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریادا کرد و گوتی "ئەو ڕێککەوتنەی لە 10ـی ئادار، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا واژۆمان کرد، ڕێگری لە ڕوودانی زۆر شت کرد. ئێمە لە نێو شەڕێکی سەختدا بووین، بەڵام بەهۆی ئەو ڕێککەوتنە، شەڕەکە وەستا. هەروەها ڕێگری لە دابەشبوونی سووریا و تۆڵەسەندنەوە لە نێوان پێکهاتەکانی هەموو پارێزگاکانی وڵاتەکەدا گرت، چونکە بەشێکیان پلانیان هەبوو دوای ڕووخانی ڕژێم، تۆڵە لە یەکدی بکەنەوە."

بە گوتە عەبدی، بە درێژایی 100 ساڵی ڕابردوو لە سووریا، دان بە مافەکانی گەلی کورددا نەنراوە، تەنانەت باس لە پرسی کوردیش نەکرابوو، بەڵام لە ڕێککەوتنی 10ـی ئاداردا، بە ڕوونی باسی پرسەکە کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە، پێویستە مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی سووریا، لە چوارچێوەی دەستووری نوێدا دەستەبەر و دابین بکرێن.

مەزڵووم عەبدی گوتیشی "دوای 15 ساڵ لە شەڕ، پێویستە سووریا ببێتە دەوڵەتێکی نانەوەندی (لامەرکەزی) و هەرێمەکان حوکمی خۆیان بکەن. ئەمە ڕاستییەکە کە ڕوویداوە و ناتوانین نکۆڵی لێ بکەین. ئێمە ناچارین ئەم ڕاستییە قبووڵ بکەین و بەپێی ئەو ڕاستییە کار بکەین." 

عەبدی لە بەشێک لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد "گەڕەکە کوردییەکان لە حەلەب گەمارۆ دراون." جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر ئیرادە هەبێت، کێشەکان لە سووریا چارەسەر دەبن.

"کۆتایی هەر شەڕێک دیالۆگە"

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند "ماوەیەکی زۆر درێژە لە نێو شەڕداین، زۆر باش دەزانین و بینیمان، کۆتایی هەر شەڕێک دیالۆگە،  کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێن. لە شەڕدا ئەگەر سەرکەوتنیش بەدەستبهێنیت، هەر دەبێت دیالۆگ بکەیت. ئەمەمان بە شێوەیەکی زۆر چالاک لە سووریا بینی."

مەزڵووم عەبدی هۆکاری ڕووخانی ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەدی ئاشکرا کرد و باسی لەوە کرد "هۆکاریی سەرەکیی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ڕەتکردنەوەی دیالۆگ و سووربوون بوو لەسەر سیستەمی مەرکەزی، بینیمان دواتر کە چۆن شۆڕشێک لە دژی هەڵگیرسا و لەنێوچوو. "

بە گوتەی عەبدی  ئێمە لە سەرەتای ڕاپەڕینەکانی سوریا، لە سەرەتای شۆڕشەوە، دژی شەڕ بووین. تا ناچارکراین شەڕ بکەین، شەڕمان نەکرد. تا مەترسیمان لەسەر نەبوو، شەڕمان نەکرد. ئێمە تەنیا پارێزگاریمان لە خۆمان کردووە. ئێستا ڕێگەی دیالۆگمان هەڵبژاردووە و پێویست ناکات چیدیکە شەڕ بکەین. ئەمە بۆچوونی ئێمە و هەموو گەلی سووریایە، چونکە بە شەڕ کێشەکان چارەسەر نەکرێن."

 

پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پشتگیریی سەرۆک بارزانی

فەرماندەی گشتیی هەسەدە پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردتسان و تورکیا دووپات کردەوە و گوتی "ئەوەی لەدەستمان بێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ئەنجامی دەدەین."

عەبدی سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی "15 ساڵە هەولێر و سلێمانی پشتگیریی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن؛ ئەم پشتگیرییە بە شێوەیەکی تایبەت لە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانیدا دەبینین. هەروەها بەم دواییانەش، پشتگیری گفتوگۆکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکوومەتی سووریا و پڕۆسەی ئاشتیشیان لە باکووری کوردستان کردووە و لەو بڕوایەداین ئەم پشتگرییە سوود بە هەموو لایەک دەگەیەنێت و ئەنجامەکانی زۆر ئەرێنی دەبن."

فەرماندەی گشتیی هەسەدە باسی لە پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و ئاماژەی بەوە دا "گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە لەگەڵ ئێمە شەڕی داعشی کرد و بە هاوکاریی ئەوان، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەمان تێکشاند."
 

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا عەبدی تیشکی خستە سەر کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا و بە پێویستی زانی کە ئەو وڵاتە هەسەدە "وەکو مەترسی نەبینێت" و  جەختی لەوە کردەوە، ئەوان "نابنە مەترسی بۆ سەر تورکیا."

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment