ئیلهام ئەحمەد: پرسی ئاشتی پێویستی بە گۆڕینی عەقڵیەت و سیستەمی سیاسی هەیە

بەرپرسی پەیوەندییەکانی خۆسەر ڕایگەیاند، پرسی کورد، سیستمی ناوەندیی و پشتگوێخستنی مافی پێکهاتەکان هۆکاری سەرەکیی ناکۆکییەکانی سووریایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، لە شەشەمین کۆڕبەندی مێپس25 بۆ ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، تیشکی خستە سەر گرنگی پرسی ئاشتی لە ناوچەکەدا و ئاماژەی بەوەدا کێشە بنەڕەتییەکانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە عەقڵیەتی دەسەڵاتداری ناوەندیی و داننەنان بە مافی پێکهاتە جیاوازەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، لەوانەش پرسی ئافرەت، کێشەیەکی بنەڕەتییە و چارەسەرنەکردنیان بووەتە هۆی درێژە کێشانی شەڕ و ناکۆکی. گوتیشی: "سیستمی تاکڕەنگ و تاک زمانیی بەڕێوەبردن کە لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکە دامەزراوە، ناتوانێت ئاشتی و سەقامگیری بهێنێتە ئاراوە."

جەختی کردەوە، چارەسەری قەیرانی سووریا پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە عەقڵیەتی دەسەڵاتداریدا هەیە. لەمبارەیەوە گوتی: "پێویستە دەستوورێکی نوێی دیموکراتیک دابڕێژرێت کە دان بە مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی و کولتوورییەکاندا بنێت. هەروەها سیستمی بەڕێوەبردن دەبێت لە ناوەندییەوە بگۆڕدرێت بۆ سیستەمێکی لامەرکەزی کە بەشداریی هەموو لایەنەکان مسۆگەر بکات."

ئیلهام ئەحمەد ڕۆڵی ئافرەتانی لە پرۆسەی ئاشتیدا بە گرنگ وەسف کرد و ڕایگەیاند: "ئاشتییەکی ڕاستەقینە و هەمیشەیی بەبێ بەشداریی کارای ئافرەتان لە هەموو ناوەندەکانی بڕیارداندا نایەتە دی."

هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کۆتایی وتارەکەیدا داوای کرد، هەموو لایەنەکان هەوڵەکانیان بۆ دیالۆگ و لێکگەیشتن چڕ بکەنەوە و جەختی کردەوە، پرۆگرامی پەروەردە و میدیا دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی کولتووری ئاشتی و پێکەوەژیاندا ببینن.

ڕۆژی سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، دهۆک میوانداری شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) کرد، کە وەک پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی ناوچەکە خزمەت دەکات.

کۆڕبەندەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵا هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە خۆ دەگرێت.

لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەدان سەرکردەی سیاسی، دیپلۆمات و کەسایەتی ئەکادیمی بەشدار دەبن.

ئامانجی سەرەکی MEPS ئەمساڵ، تاوتوێکردنی ململانێ و ئالنگارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەن و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا. چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان تیشک بخەنە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتیی، لەگەڵ ڕوانینێک بۆ ئاسایشی گشتیی و سەقامگیری ناوچەکە.

 
 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment