عەزیز ئەحمەد: بۆ کارەبای 24کاتژمێری ئامادەین هاوکاری عێراق بکەین

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: نامانەوێت چیتر فەرمانبەرانی هەرێم وەکوو بارمتە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ڕاشیگەیاند، ئامادەن هاوکاری بەغدا بکەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی کارەبای24 کاتژمێری.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێلێک بە ناونیشانی" مسۆگەرکردنی  ئاشتی لە ڕێگەی خۆشگوزەرانی و حوکمڕانی باشەوە ئەجێندای چاکسازیی هەرێمی کوردستان و هاوبەشە ئابوورییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە کۆڕبەندی مێپس  گوتی: ئێمە لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران لەگەڵ شیلان خان سەرپەرشتی تیمێکی جێبەجێکاریی پرۆژە نایابەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئێستا لە 200 کەس پێکهاتووە.

گوتیشی: ئامادەی هەماهەنگین لەگەڵ بەغدا بۆ یارمەتیدانیان لە پێناو بەدەستهێنانی کارەبای 24 کاتژمێری کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتووبووە لە دابینکردنی.

هەروا ئاماژەیدا، پرۆگرامی دووەممان بە بانککرنی مووچەی مووچەخۆرانە بۆ ئەوەی پارە هەبێت و قەرز وەربگیرێت و بازرگانییەکان بە جوانی و ڕێکوپێکی بەڕێوەبچن و تەنانەت حکوومەتیش پاڵپشتی ئەو قەرزانە بکات کە لە بانک وەردەگیرێن.

عەزیز ئەحمەد ڕایگەیاند، سیستەمی دابینکردنی کارەبا کۆن بوو و کارەکان دیجیتاڵی نەبوون و مۆلیدەی گاز قەرەبووی کەمی کارەبای دەکردەوە، ساڵانە 1.4 ملیار دۆلار زیانی دەبوو کە دەکرێت ئەم پارەیەش بگەڕێتەوە بۆ حکوومەت بۆیە ڕێگەیەکی گونجاومان دۆزییەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەمە و هەرێمی کوردستان کە لە 20 ساڵی ڕابردوودا نەیتوانی بوو ئەم کارە بکات، بەڵام بە پرۆژەی ڕووناکی جێبەجێکرا.

لە بارەی پرۆژەی هەژماری منەوە، عەزیز ئەحمەد گوتی : توانیومانە زیاتر لە ملیۆنێک ئەکاونتی بانکی بۆ کوردستانیان بکەینەوە لە کەرتی گشتییەوە دەستمان پێکرد و زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار مووچەخۆرمان هەیە و 700 ملیۆن دۆلار تێچووی پرۆسەی پێدانی مووچە بوو، بەر لە پرۆسەی بە دیجیتاڵیکردن.

هەروەها ڕاشیگەیاند، ئێستا یەک ملیۆن کەس لە 100 شوێن دەتوانن مووچەکانیان ڕابکێشن، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەم ژمارەیە بۆ هەزار شوێن زیاد بکەین، بۆ ئەوەی خەڵک ئاسانتر دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

عەزیز ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، دەمانەوێت وابکەین کە مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە هەر شوێنێک بێت بتوانێت مووچەی خۆی وەربگرێت، بەبێ ئەوەی کەس بتوانێت وەک بارمتە مامەڵەی لەگەڵدا بکات بۆ گەیشتن بە مەرامی سیاسی خۆی.

عەزیز ئەحمەد ئەوەشی خستە ڕوو کە زیاتر لە 550 هەزار کەس لە ڕێگەی دیجیتالییەوە مووچەیان وەرگرتووە و زیاتر لە 500 ئامێری ATM دانراوە .

هەروەها لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا 800 کەس لیستی مووچەیان ئامادە دەکرد، بەڵام ئێستا تەنیا چوار کەس ئەم کارە ئەنجام دەدات ئەمەش فشارێکی زۆری لەسەر حکوومەتی هەرێم کەمردووەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment