کلارک کووپەر: پەیوەندی هەولێر و واشنتن هەولێری بەهێز کردووە

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی و سەربازی رایگەیاند، سیاسەتی ئێستای ئەمەریکا خۆسەپێن نییە، ئەگەر حکوومەت و گەلی عێراق داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکە بکەن و بیانەوێت کۆمپانیا ئەمەریکییەکان وەبەرهێنان بکەن، واشنتن پەسەندی دەکات، بەپێچەوانەوە ئەمەریکا لە عێراق دووردەکەوێتەوە.

چوراشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، کلارک کووپەر، یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی و سەربازی، لە پانێڵکدا لە کۆڕبەندی مێپس ڕایگەیاند: تێڕوانینی ئێستای واشنتن و بەتایبەتی ئیدارەی ئێستای ترەمپ ئەوەیە، ئەگەر گەل و حکوومەتی عێراق، بیانەوێت وەبەرهێنانی بیانیی راستەوخۆ لە وڵاتەکەیان و  وەبەرهێنان لە کەرتی وزە بکرێت یان هەماهەنگی ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵات هەبێت. ئەوا ئەمریکا ئامادەیە.

کلارک کووپەر گوتی: راستییەک هەیە ئێستا ئەمەریکا نایەوێت بنکەی سەربازیی لە عێراق دروستبکات، ئەگەر لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق داوای هەماهەنگی ئەمنیی لەگەڵ ئەمەریکا بکەن ئەوکات واشنتن دەیکات، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر هەماهەنگییەکان و مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان رەتبکەنەوە ئەمەریکا پەسەندی دەکات.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بەدرێژایی ئیدارەکانی رابردووی ئەمەریکا، بوونی هەماهەنگی لەنێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان هەروەها مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، سوودی بە هەولێری پایتەخت گەیاندووە و بەهێزی کردووە، لەهەمان کاتیش ئەم پەیوەندییەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بووەتە هۆی ئەوەی کوردستان رووبەڕووی هەڕەشە و هێرش بێتەوە.

دوێنێ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) لە زانکۆی ئەمەریکی- کوردستان لە دهۆک، دەستی پێکرد.

ئامانجی سەرەکی مێپسی ئەمساڵ، تاوتوێکردنی ململانێ و ئالنگارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەن و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا. چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان تیشک بخەنە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتیی، لەگەڵ ڕوانینێک بۆ ئاسایشی گشتیی و سەقامگیری ناوچەکە.

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 وەک سپۆنسەری میدیایی کۆڕبەندەکە، لەماوەی ڕۆژانی بەڕێوەچوونیدا، ڕووماڵی کارەکانی کۆڕبەندی مێپس 2025 دەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment