دیداری تایبەت لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی کۆڕبەندی مێپس

ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێکی تایبەتدا لە چوارچێوەی كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2025)ـی زانکۆی ئەمەریکی- کوردستان لە دهۆک، وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە، پانێلەکە بە زمانی ئینگلیزی بوو کە لە لایەن پێشکەشکار ئامینە بەکر بەڕێوە برا.

پێشکەشکار: یەكەم جارمە دێمە هەرێمی كوردستان، دەتوانم بڵێم دوایین جارم نابێت، بەڵام بیرەوەرییەكی زۆر جوانە كە حكومڕانییەكی زۆر باشی تێدایە، حكومەتێكی باش لە ڕووی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەیەكی پڕ لە كێشە. ئەمە توانای تۆ دەسەلمێنێت، ئەمەش دانپێدانانی هەموانە بەوەی كە حوكمدارییەكی زۆر باش دەكەیت لە ناوچەكە. لە هەمانكاتدا ئێمە دەزانین لە ناوچەكەدا هیچ بەرەوپێشوەچوونێك ئاسان نییە و ئاڵنگاریی زۆر هەن، پرسیارەكەم ئەوەیە، ئەزموونتان لە بەشكردنی دەسەڵات لەگەڵ بەغدا چۆنە؟

مەسرور بارزانی: ئەگەر دەسەڵاتەكان وەك خۆیان دابەش بكرانایە، بە دڵنیاییەوە هەر لە سەرەتاوە كێشە دروست نەدەبوو. بۆیە بابەتی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان، ئێمە هەوڵ دەدەین پەیوەندییەكانمان ڕێك بخەینەوە و چاكیان بكەینەوە لەگەڵ حكومەتی بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور. دەستووریش بە روونی پێناسەی كردووە كە ئەم پەیوەندییانەی نێوان حكومەتی فیدرال و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت چۆن بێت. ئەم كێشانەی كە باستان كرد، تا ئێستا ئاڵۆزن، چونكە هەریەك لەو كێشانە دەبووایە بە گوێرەی ماددەیەكی دەستوور چارەسەر بكرایە، بۆ نموونە ناوچە كێشە لەسەرەكان تا ئێستاش یەكێكە لە ئاڵنگارییە سەرەكییەكان و كێشە سەرەكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. بابەتی وزە كە كێشەیەكی دیكەیە كە ئەویش ئاڵنگارییەكی دیكەیە، دەبووایە ماوەیەكی زۆر لەمەوپێش و دوای نووسینەوە و پەسەندكردنی دەستوور، یاسای نەوت و غاز هەبوایە، بەڵام هێشتا حكومەت لە بەغدا پشتی بە یاسایەكی كۆن بەستووە كە لە حكومەت و رژێمی پێشووەوە بۆی ماوەتەوە کە بۆ ئێستا و سیستەمی فیدراڵی گونجاو نییە. هەروەها بابەتی بودجە بابەتێكی دیكەیە كە دەبێت چارەسەر بكرێت بە گوێرەی دەستوور، وەك ناوچەیەك و هەرێمێكی فیدرالی و دەستووری، بۆ حكومەتی عێراق نییە دەستێوەردان بكات و بچێتە نێو وردەكاریی بابەتی ئابووری لە هەرێمی كوردستان بەوەی كوردستان چۆن دەیكات و چۆن بەڕێوەی دەبات.
هەر لە سەرەتاوە باسی حكومەتی باشت كرد، بەڕێوەبردنی باشت كرد، كاتێك كە تۆ خۆت تەرخان دەكەیت بۆ ئامانجەكەت و سەیری خەڵكی خۆت دەكەیت، ئەوان دەبنە ئامانجی سەرەكیی تۆ، ئەوانە ئەو كەسانەن كە تۆ دەبێ خزمەتیان بكەیت، ئەوكاتە ئیتر ئاسان دەبێت و بەڕێوەبردن و حكومڕانییەكی باش ئاسان دەبێت.

پێشکەشکار: ئەمە پرسیاری دیكە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، لە ماوەی هەڵبژاردندا ئەنجامەكان زۆر باش بوون، هۆكارەكەی چی بوو؟ ئایا حكومەتی باش و بەهێز هۆكارەكەی بوو؟

مەسرور بارزانی: من پێموایە لەم هەڵبژاردنەدا خەڵكی دەنگیان بە خزمەتگوزاری دا. حزبەكەی من هەموو كات ویستوویەتی خزمەتی خەڵكی كوردستان و دۆزی كوردستان و هەموو كوردستانییەكان بکات نەك تەنیا كورد، خزمەتی هەمووی كردووە. پارتی دیموكراتی كوردستان چەترێك بووە بۆ هەموو ئەوانەی لە كوردستاندا دەژین.
چەند هۆكارێك هەن، یەكێك لەوانە ئەو شۆڕشە دوور و درێژەی پارتی بووە كە ڕاستگۆ بووە لەگەڵ ئامانجەكانی، هەروەها پێكەوەژیان و متمانەی خەڵكی بە باكگراوندی جیاواز و نەتەوە و ئایینی جیاوازەوە كە باوەڕی تەواویان بە پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە بەهۆی سەركردایەتییەكەیەوە. بابەتی دیكەش خزمەتگوزارییەكان كە پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك وەزیرانەكەی ئەجێندای پارتی پیادە دەكات، من لێرە ( ئم کۆڕبەندە) پانێلێک هەبوو باسی چاكسازییەكانی حکومەتی هەرێمیان كرد و باسی ئەو خزمەتگوزارییانەیان كرد كە هەن، كارەبای 24 كاتژمێری و بە دیجیتاڵكردنی سیستەمی بانكی و دامەزراوە دارایی و بانكییەكان، بنیاتنانی ژێرخان، رێگەوبان، وەبەرهێنان لە پەروەردە، لە كەرتی تەندروستی، دابینكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر، لابردنی رۆتینیات و وا لە خەڵكی بكەیت زۆر مورتاحتر بێت بەوەی كە كاروباری رۆژانەی خۆیان پیادە بكەن و رایی بكەن، بۆیە ئەم پەیوەندییە كە حكومەت توانیویەتی دروستی بكات و ئەو متمانەیەی كە لەگەڵ خەڵكی خۆی دروستی كردووە و ئەو متمانەیەی نێوان خەڵك و حكومەت، راستگۆبوون لەگەڵ ئەو ئەجێندا و بەڵێنەی كە خۆت بە خەڵكت داوە، لە كۆتاییدا خەڵك تێدەگات كە ئێمە تەنها بەڵێنێكمان نەداوە، بەڵكوو ئێمە بەجێمان گەیاندووە.

پێشکەشکار: ئەمە كاریگەرییەكەیەتی، كاریگەری لەسەر خەڵكە بۆیە دەنگیان داوە. دەمەوێ باسی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەم، ئێمە دوێنێ گوێمان لە سەرۆك وەزیرانی عێراق گرت، هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق؟ ئایا پێتانوایە دەرئەنجام و پرۆسەكە هاوكار دەبێت بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسی بەجێ بهێنێت؟

مەسرور بارزانی: پێش هەموو شتێك من پێموایە هەڵبژاردنەكان سەركەوتوو بوون و سەركەوتنێكی زۆر گەورەش بوو بۆ هەموو عێراق. پرۆسەكە سەركەوتوو بوو، بەڵام كێشەیەكی گەورە هەیە لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن. یاسای هەڵبژاردن دادپەروەرانە نییە، هەرچەندە ئەنجامەكان دەرچوون و هەموومان دەزانین چەند كورسیمان هێناوە، هەموو دەرئەنجامەكان زۆر باش بوون لە كوردستان، لە هەموو ناوچەكانی دیكەی عێراقیش دەڵێن خەڵك بەشدارییان زۆر بووە، بەڵام یاسای هەڵبژاردن نادادپەروەرە. من نموونەیەكت دەدەمێ، دوێنێ من كۆمێنتێكم كرد بۆ خاتوو ئەمبەرین زەمان، گوتی پارتی ژمارە دووە، گوتمان نەخێر ژمارە یەكە. ئێمە زیاتر لە یەك ملیۆن و 111 هەزار دەنگمان بەدەستهێناوە، پارتی گەورەترین حزبە لە هەموو عێراق، هاوپەیمانیی هەن كە چەند حزبێكن پێكەوە، هەندێك دەنگەكانیان لە ئێمە زیاترە، بەڵام ئەگەر سەیری ژمارەی كورسییەكانمان بكەین كە ئێمە بردوومانەتەوە و بەراوردیان بكەین، گونجاو نییە لەگەڵ ئەو دەنگانەی كە ئێمە هێناومانە، هاوتا نییە و یەكسان نییە. بۆ ئەوەی كە وردتری بكەمەوە بۆت، زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار، ئێمە 27 كورسیمان بەركەوتووە. بەڵام دەوڵەتی یاسا كە نزیكەی 400 هەزار دەنگیان لە ئێمە كەمترە، کەچی 29 كورسییان هێناوە، سادقون هەیە كە 608 هەزار دەنگیان هێناوە، بەڵام 27 كورسییان هێناوە وەكوو ئێمە، بۆیە دەتوانم بڵێم كە ئەم هەڵبژاردنە و یاساكەی دادپەروەریی تێدا نەبوو و ئەمە نەیتوانی ئەو كورسییانە بۆ ئێمە دابین بكات كە خۆمان دەمانویست و دەنگمان پێ دراوە، هیوادارین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەو یاسای هەڵبژاردنە بگۆڕدرێت و هەموو لایەك بە دادپەروەری و یەكسانی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

پێشکەشکار: لە 2021 پارتی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، دوای كشانەوەی موقتەدا سەدر، وەك هاوپەیمانێتییەكی نوێ پێكهات، ئێستا ئەگەر بپرسم ئێوە پاڵپشتیی كێ دەكەن؟

مەسرور بارزانی: ئێمە رێز لە هەموو كاندیدەكان دەگرین، بابەتەكە كەسی نییە، بەڵكوو لەسەر بابەتی پەیوەندیی دەستوورییە لە نێوان هەولێر و بەغدا. لە هەڵبژاردنی پێشوو ئێمە باسمان لەوە دەكرد كە دەبێ حكومەت چۆن بێ و حكومەت چۆن پێك دێ و داهاتووی وڵات چۆن بێ. ئەمجارەش ئێمە چاومان لەسەر ئەجێنداكەیە و مەرجی ئێمە ئەگەر ناوی بنێم مەرج، جێبەجێكردنی بەڵێنەكان و جێبەجێكردنی دەستوورە. هەر لایەنێك بیەوێ هاوبەشی بكات لەگەڵ ئێمە و ببینە بەشێك لە حكومەت، مەرجی ئێمە روونە، ئێمە دەمانەوێ دەستوور بە تەواوی جێبەجێ بكرێ، بەبێ ئەوەی هەندێكی هەڵبژێری و هەندێكی پشتگوێ بخەی. با رەشبین نەبین، با گەشبین بین، بۆ ئەوەی هیوا بخوازین ئامانجەكانمان بەدی بێنین.

پێشکەشکار: لە نێوان بەغدا و هەولێر دەبێ ئەولەویەت چی بێ؟ باسی دەستوورت كرد كە دەبێ دەستوور جێبەجێ بكرێت، بەڵام لە چیدا هەست دەكەیت جیاوازیتان هەیە و لە چیدا یەكانگیرن؟

مەسرور بارزانی: دەبێ حكومەتی خەڵك بێت، دەبێ سەقامگیری و ئاسایش هەبێ، ئاشتی هەبێ، یاسا سەروەر بێ. ئێمە ناتوانین بەردەوام بین لەگەڵ وڵاتێك كە بەردەوام پێشێلكاریمان بەرامبەر بكرێ و ڕێزمان نەگیرێ. پێموابێت گەورەترین داواكاری و پێویستی بۆ وڵات خودی دەستوور نییە، دەستوور خۆی هەیە بەڵام میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی ئەو دەستوورە نین. هیچ كەسێك لەوانەی كە دەستوور پێشێل دەكەن بە بەرپرسیار نازاندرێن، ئێمە دەمانەوێ دڵنیا بینەوە لەوەی كە ئەو دامەزراوانەی كە هەن، هەر كەس دەستووری پێشێل كرد، بە بەرپرسیار بزاندرێ و لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێ، پێموایە ئەوە خاڵی دەستپێكە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین و دەمانەوێ هەر ئەوەش بكرێ.

پێشکەشکار: بەڕێز سەرۆك وەزیران دەتوانی روونی بكەیتەوە بابەتی پێكهێنانی حكومەت لە هەرێمی كوردستان بۆچی ئەوەندەی پێ چوو؟ كەی حكومەت پێكدێ؟ چ رێگرییەك لەبەردەم پرۆسەكەدا هەیە؟

مەسرور بارزانی: بە داخەوە دەتوانم بڵێم دوای ساڵێك لە هەڵبژاردن، ئێمە هێشتا لە کوردستان حكومەتمان پێكنەهێناوە. پێموابێ هەمووان شایەدیی ئەوە دەدەن كە خواستی ئێمە، هەم حزبەكەم و هەم خۆم چییە كە ئێمە هەر دوای هەڵبژاردنەكان ویستوومانە دەست بەجێ حكومەت پێك بێت، بەڵام دەبێ حكومەتێكی گشتگیر بێت، ئێمە قسەمان لەگەڵ هەموو ئەو حزبانە كردووە كە بردوویانەتەوە، هەرچەندە كورسیشیان كەم بووبێت، ویستوومانە بێنە ناو حكومەت. هەندێك لەو حزبانە ویستوویانە ببنە ئۆپۆزسیۆن، ئەوان ئازادن و ئێمە رێزیان لێ دەگرین و رێز لە بژاردەكەیان دەگرین، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە ئێستا لە حكومەتدایە و بەشدارە لە حكومەت و بەشێكە لە كابینەی نۆیەم، هیواداربووین لەگەڵ یەكێتی زۆر زووتر حكومەت پێك بهێنین، بەڵام بەداخەوە نەكرا. سەرەتا شتەكان زۆر باش دەچوونە پێشەوە و تیمێكی زۆر كارا و باشمان هەبوو بۆ دانوستان كە ئەجێندای حكومەتیشیان پێ بوو كە زۆر گرنگ بوو بۆ پێكهێنانی حكومەت، باش چووە پێشەوە و ئێمە ئەو پێداویستییانەی كە هەبوون، لەوەی كە ئەوان داوایان كردووە لەو ئەجێندا هاوبەشە بۆ پێكهێنانی حكومەت، زۆر بە باشی چووە پێشەوە و هەموو شت باش بوو، بەڵام كە هاتە سەر پۆستەكان، ئەوكاتە یەكێتی داوای هەندێك پۆستی دەكرد، بەڵام دەبێ ڕێز لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بگیرێت. با بە روونی بیڵێم، ئەگەر ڕێز لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نەگریت بۆچی هەڵبژاردن دەكەیت. لە هەڵبژاردندا یەكێك دەباتەوە و یەكێكیشیان من ناڵێم دۆڕاو، بەڵام دەنگی كەمتر دەهێنێت، ئەمە پرۆسەیەكی دیموكراسییە. بەڵام بەپێی قەبارەی هەر حزبێك، هەر گرووپێك، تۆ دەبێ ڕێز بگری. پێكهێنانی حكومەت، دەبێ رەنگدانەوەی دەرئەنجام و سەركەوتنی هەر حزبێک بێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر نەرمی نواندووە و زۆر بەخشندە بووە، پۆستی زۆر زیاتری داوەتە یەكێتی وەك لە شایستەی هەڵبژاردنی خۆیان، زۆر بەخشندە بووین، ئەوان هێشتا پێداگرییان دەكرد و داوای زیاتریان دەكرد. بەڵام لە سەركردایەتییەوە گوتوویانە ئیتر ئێمە ناتوانین لەوە زیاتر بەخشندە بین و نەرمی بنوێنین، بۆیە یەکێتی بە گوێرەی ژمارەی ئەو كورسییانەی بردوویانەتەوە، قەت ئەو پۆستانەیان بەرنەدەكەوت. دیسان جارێكی دیكە ئەوان نەیانویست حكومەت پێك بێت، ئەوان نەهاتنە پێشەوە، بەڵام روون بوو كە نەیانویست حكومەت پێك بێت هەتا هەڵبژاردنی عێراق تەواو دەبێت، پێموابێت هەڵسەنگاندنی هەڵەیان كردووە بۆ پارتی، لەوانەیە پێیانوابووبێت پارتی لاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا، ئەوكاتە ئەوان لە پێگەیەکی بەهێزترەوە دانوستان لەگەڵ پارتی بكەن، هۆكارەكەی هەرچی بوو، پێموابێت ئەوان دەبێ خۆیان روونی بكەنەوە، بەڵام تا ئێستا حكومەت پێك نەهاتووە.
بە دڵنیاییەوە دەبێ ئەو خاڵەش روون بكەمەوە كە لە هەڵبژاردندا ئێمە بە ڕوونی گوتوومانە، کە بەخشندە بووین، نەرم بووین، چونكە ویستوومانە هەموو كورد یەكگرتوو بێت بۆ ئەوەی لە دانوستانەكاندا بەهێز بین بەرامبەر بە بەغدا، بەڵام ئەگەر پێش هەڵبژاردن حكومەت پێك نەهات، ئەوا دوای هەڵبژاردن هەلومەج و دۆخەكە جیاوازە. ئەمڕۆ و دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە دڵنیاییەوە دۆخەكە گۆڕاوە، بۆیە ئێمە دانوستانەكان لەسەر بنەمای ئەم قۆناغە نوێیە دەست پێ دەكەینەوە.

پێشکەشکار: پێشبینیی تۆ چییە بۆ ماوەكەی؟ كەی پێك دەهێندرێت؟

مەسرور بارزانی: بە دڵنیاییەوە من دەمەوێ بە زووترین کات حكومەت پێك بێت ، پێشتریش ویستوومانە تا كۆتایی ئەمساڵ پێك بێت، بەڵام با بزانین چۆن دەبێت.

پێشکەشکار: دەچمە سەر بابەتێك كە پێشتر كارم لەسەر كردووە، ئەویش كەرتی وزەیە، بابەتی بۆڕیی نەوت و هەناردەكردنەوەی نەوتە كە دوای دوو ساڵ دەستی پێكردەوە، ئەم رێككەوتنەی كە ئێستا هەیە، ئایا كاتییە؟ جێگیرە؟

مەسرور بارزانی: نەخێر جێگیر و بەردەوام نییە، بەڵکوو ڕێککەوتنێکی كاتییە، چارەسەری یەكجاری و بنەڕەتیش ئەوەیە كە یاسای نەوت و گاز هەبێت لە عێراقدا، هەتا ئەو یاسایە دەردەچێت، هەر ڕێككەوتنێك دەبێتە رێككەوتنی كاتی. هیوادارم كە بەغدا تێگەیشتبێت كە بە راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەموومان زەرەرمەند بووین، عێراق ملیارەها دۆلار زەرەری كرد، بەڵام كوردستان زیانی زۆر وزیاتری بەركەوت، قەرەبووش نەكراینەوە، مووچە و بودجەی ئێمە راگیرا، تا ئێستاش قەرەبوو نەكراوینەتەوە، هیچ كەسیش لە راگرتنی بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستان براوە نەبوو، بە بۆچوونی من، راگرتنی بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی سیاسی بوو. هیوادارم بەغدا ئێستا تێگەیشتبێت كە باشترین رێگە ئەوەیە كە ڕێز لەم رێككەوتنە كاتییە بگرێ و بەردەوام بێ هەتا ئەو كاتەی كە یاسای نەوت و غازمان دەردەچێت.

پێشکەشکار: ئایا ئەمە جێگەی نیگەرانییە بۆ ئێوە؟ ئایا نیگەرانیت لەوەی بەغدا جارێكی دیكە هەناردەی نەوت رابگرێتەوە؟ ئایا پێتوایە ئێستا بەغدا تێگەیشتووە؟

مەسرور بارزانی: بەڵێ جێگەی نیگەرانییە، چونكە هیچ هۆكارێك نەبوو بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی ئێمە رابگرن، بەڵام كردیان و رایانگرت. باشە چ ڕێگرییەك هەیە كە جارێكی دیكە رای نەگرنەوە؟ چی بەربەستە؟ بۆیە نیگەرانم و هیوادارم كاری وا نەكەن و تێگەیشتبن كە بە هەناردەی نەوت لە كوردستانەوە پارەی زیاتر دێتەوە ناو وڵات و بۆ حكومەت، ئەو پارەیەش راستەوخۆ نایەتە لای ئێمە، دەچێتە گەنجینەی حكومەتی فیدرال و دواتر دێتە لای ئێمە، ئەوان لە فرۆشی نەوت پارەیان بۆ دەچێتەوە و ئەو داهاتی نانەوتیەشی كە لە كوردستان هەیە دەچێتەوە لای ئەوان، كەچی هێشتا مووچە دوادەخەن. بۆیە ئەمە بابەتێكە ئەوان وەكوو بزنس داهاتی ئێمە دەبەن لە نەوتی و نانەوتی، دواتر پارەكەی خۆمان بۆ دەگەڕێننەوە، تەنها دوای دەخەن. هیوادارم بەغدا تێگەیشتبێت کە ئێمە هیچ داهاتێكی دیكەی نەوتیمان نییە و هەمووی لای بەغدایە، بۆیە هیوادارم بەغدا بەردەوام بێت لە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان.

پێشکەشکار: لەوانەیە كێشەیەكی دیكە هەبێت كە عێراق ئەندامی ئۆپیكە، لەوانەیە ئۆپیك مەرجی بەسەردا سەپاندبێت. پرسیارەكەم ئەوەیە ئایا هیچ گوشارێك هەیە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان سنووردار بكات؟

مەسرور بارزانی: پێموابێت ئەمە لە رابردوودا وەكوو پاساوێك بەكار دەهات، دەڵێن كە كوردستان بە گوێرەی ئۆپێك نەوت بەرهەم ناهێنێت، بۆیە لە كۆتاییدا ئۆپیك باسی لەوە نەكردووە كە نەوتەكە لە كوردستان بەرهەم دەهێندرێت یاخود لە ناوچەیەكی دیكە، چونکە وەكوو یەك سەیری هەموو عێراق دەكات. بۆیە كوردستان هیچ كات زیاتر لە بەشی خۆی بەرهەم نەهێناوە. تۆ ئەگەر سەیری ڕێژەی دانیشتووانی كوردستان بكەین، بە گوێرەی دوایین سەرژمێری كە حكومەتی فیدرال ساڵی ڕابردوو ئەنجامی دا، ئێمە 14٪ین، بەڵام با بڵێین12.6 ٪ین، كوردستان دەتوانێت 12.6٪ی كۆی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت. سەیر بكە لە پێنج ملیۆن بەرمیل12.6 ٪ چەندی بۆ هەرێمی كوردستانە؟ لەوانەیە 600 بۆ 700 هەزار بەرمیل، بەڵام كوردستان نزیكەی 350 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەرهەم هێناوە، واتە ئێمە لەو رێژەیەی كە بۆمان دانراوە و مافی خۆمانە، لەوە زیاترمان لە كوردستان بەرهەم نەهێناوە، بەڵام ئاسانە هەموو كاتێك كورد بە هەڵە بزانیت و تۆمەتباری بكەیت و سەرزەنشتی بكەیت. بەڵام ئەگەر بە ژمارە قسە بكەین، نەخێر كوردستان هیچ كات زیاد لە رێژەی خۆی نەوتی ەرهەمی نەهێناوە.

پێشکەشکار: با باسی تواناكانی هەرێمی كوردستان بكەین لە بەرهەمهێنانی نەوت، هەندێك كێشەی ئەمنی هەبوون كە بوونە جێی نیگەرانیی وەبەرهێنەران، تا چەندە كاریگەری هەبووە و پێشبینیت چییە كە جارێكی دیكە هەناردەی نەوت بگاتەوە ئاستی خۆی؟

مەسرور بارزانی: دوو هۆكار هەبوون بۆ كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، یەكەمیان بڕیارێكی سیاسی بوو لە بەغدا كە لەوێوە بڕیارێكی سیاسی درا و هەناردەی نەوتی کوردستان راگیرا، هەندێك لەو كۆمپانیایانە كە خۆیان بەرهەمیان زۆر نەبوو، گەیشتنە قۆناغێك كە ناكرێت بەرهەم بهێنن، چونكە تێچووەكەی ئەوەندە زۆر بوو نەیاندەتوانی بەردەوام بن، بیرە نەوتەكانیان راگرت، لە نۆ كێڵگە، پێنج دانەیان بە تەواوی راگیراون، تا جارێكی دیكە بەگەڕیان دەخەیتەوە، كاتی دەوێ. ئەو كۆمپانیایانەشی كە دەستیان پێكردووەتەوە لەو بیرە نەوتانە، ئەوانیش بەرهەمیان كەمكردووەتەوە بۆ ئاستێك بۆ ئەوەی بتوانن ئۆپەرەیشن و وەگەڕخستن و بەرهەمهێنانەكەیان بەردەوام بێت، ئەوەی كە دەریدەهێنن تێچووی هەیە و دەیانەوێ بە شێوەیەك بێت كە تێچووەكەی زۆر زۆر نەبێت. بۆ ئەوەی كە بگەینەوە هەمان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، كاتی دەوێ، وەبەرهێنانی زیاتری دەوێ، مەبەستم لە كۆمپانیاكانی نەوتەوەیە بۆ ئەوەی كە بەرهەمی خۆیان زیاد بكەن. ئەمە یەكێكە لە هۆكارەكان.
هۆكارێكی دیكە بابەتی هێرشە درۆنییەكان بوون كە كرانە سەر چەند كێڵگەیەكی نەوت، بەداخەوە دەزانین ئەو كەسانە كێن كە هێرشیان كرد، دەزانین چ گرووپێكن، هەموو لایەك دەزانن و ئێمە لەگەڵ حكومەتی بەغدا قسەمان كرد، هەندێك لەوانە دەستگیر كران، بەڵام دواتر هیچ نەكرا و سزا نەدران و ئەو سزایەی كە شایانیان بوو نەدران. بۆیە نەدەبوو بە هیچ شێوەیەك شتی وا لە وڵاتێكدا روو نادات كە یاسا تێیدا سەروەر بێت. بۆیە جێگەی نیگەرانی بوو بۆ ئەم وەبەرهێنەرە بیانییانە، هەموو كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، كۆمپانیای بیانین، ئەوان گرنگی بە بزنسی خۆیان دەدەن، نیگەرانییان هەیە، ناوبانگیان هەیە، ستافیان هەیە، بۆیە نیگەران بوون، كاتێك كە ژیان دەكەوێتە مەترسییەوە، بە دڵنیاییەوە نیگەرانی دروست دەبێت. بۆیە ئەمانە هەندێك لەو كێشانە بوون كە هەمانبووە. هیوادارم گەیشتبینە ئاستێك كە باشتر تێگەیشتنمان هەبێت لەگەڵ بەغدا و بەغدا تێبگات كە ئەم هێرشانە دووبارە نەبنەوە و هیوادارم كە بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگە نەدەن بەم هێرشە بێبنەما و دەتوانم بڵێم تیرۆریستییانە، بۆ ئەوەی خەڵك تیرۆر بكەن، ترس و تۆقاندن بڵاو بكەنەوە و ژێرخانی مەدەنی بكەنە ئامانج.

پێشکەشکار: من دەمەوێ بێمە سەر بابەتی نەوت و گاز، دوێنێ گوێمان لە بەڕێز سوودانی بوو كە عێراق ئامانجیەتی كە ئیتر لە دەرەوە و لە ئێرانەوە گاز هاوردە نەكات، واتە پشتبەستن بە ئێران كەم بكاتەوە و بەغدا رێككەوتووە كە 100 ملیۆن مەتر سێجا غازی كەركووك وەربگرێت، ئایا چی بووەتە هۆی دواخستنی ئەوەی كە ئێوە گاز بە عێراق بدەن؟

مەسرور بارزانی: با من بە روونی پێت بڵێم، پێموابێت عێراق دواكەوتووە لەوەی كە وەبەرهێنان لە سێكتەری گازدا بكات و لە هەموو وڵات وەبەرهێنان بكات. ئێمە لێرە دەستمان پێكردووە ماوەیەكی باشە و كێڵگەی زۆر باشمان هەیە، ڕێككەوتنەكە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانە. هەر گرێبەستێك كە لە كەرتی نەوت و گازدا كۆمپانیاكان دەیكەن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، كاری پێ دەكرێت. هەرچەندە درایە دادگاش، بەڵام سێ جار دادگا بڕیاری دا و گوتی كوردستان لەسەر حەقە و گرێبەستەكان یاسایی و تەواون. هەتاوەكوو كوردستان ئەم گرێبەستانەی هەبێت، كوردستان بڕیار دەدات بەرهەمی گاز و نەوت چی لێ بكات و چۆن مامەڵەی پێوە بكات، بە گوێرەی گرێبەستەكان كوردستان هێشتا پێویستیی بە گازە و ئێمە دەتوانین ئەو گازەی كە پێویستمانە بەرهەمی بهێنین، چونكە بۆ كارەبا و بۆ كاری رۆژانە و لە زۆر بواردا پێویستیمان بە گازە. هەروەها بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق ئێمە هەندێك لەم گازەمان بەكار هێناوە و كردوومانەتە كارەبا و كارەباكەمان داوەتەوە بە حكومەت، بۆیە ئەم وێستگانەی كە لە كوردستان هەن، سەدان مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن، وەزیری كارەبا دەتوانێ ژمارە دروستەكەم پێ بدات. ئێمە كارەبای خۆمان داوەتەوە ناوچەكانی دیكەی عێراق. بۆ زیادكردنی بەرهەمی گاز، ئێمە بە دڵنیاییەوە دەتوانین ئەو گازە بكەینە كارەبا و ئەم كارەبایە بدەینەوە بە ناوچەكانی دیكەی عێراق.

پێشکەشکار: ئایا ئەمە پێویستیی بە ڕێككەوتنە لەسەر نرخ و ئەوەی كە چۆن بتوانن چوارچێوەیەك دابنێن؟

مەسرور بارزانی: بە دڵنیاییەوە، ئەم گفتوگۆیانە هێشتا بەردەوامن لە نێوان وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرال. بە دڵنیاییەوە، داشكاندن كراوە بۆ بەغدا.

پێشکەشکار: چەند داشكاندن كراوە؟

مەسرور بارزانی: باوەڕ بكە من بە وردی ژمارەكە نازانم، بۆیە با ژمارەكە نەڵێم، بەڵام داشكاندن كراوە و هەرزانترە لەوەی كە لە ئێرانەوە دەیهێنن.

پێشکەشکار: لە كابینەی نۆیەمدا بەرەوپێشچوونێكی باشتان هەبوو لە سێكتەرە جیاوازییەكان، چ دەستپێشخەرییەكت هەیە و ئەولەوییەتت چییە بۆ حكومەتی داهاتووت؟

مەسرور بارزانی: هەندێك لەو پرۆژانەی كە دەستمان پێكردوون، تەواو نەبوون، بە دڵنیاییەوە ئەوانە تەواو دەكەین. بابەتی بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان، بابەتی بە دیجیتاڵكردنی ئابووری و دارایی و دامەزراوەكان، ئەمانە بەردەوام دەبن لە كابینەی داهاتوو، ئەمانە ئەو ژێرخانانەن كە ئێمە پێویستمانە بۆ ئەوەی كە بەردەوام بین، بۆ نموونە كۆكردنەوەی داهات، هەر خێزانێك، هەر تاكێك، هەندێكجار كێشەیان هەیە و دەبێ لە سەرەدا بوەستن و ئاسان نییە كەسێك نەبێت بچێت ئەو كرێیە بدات کەلەسەریەتی لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکان ( کارەبا و ئاوو ) … هەنگاوی داهاتووی ئێمە جێبەجێكردنی ئەوەیە كە پێی دەڵێن پارەدانی ئەلیكترۆنی) ئی پسوولە (e psule، ئەمە پرۆژەی داهاتووە، ئەمە دەرفەت دەداتە هەر تاكێك بۆ ئەوەی كە لە ماڵی خۆیەوە و لە هەر كاتێكدا بیەوێت پارەی خۆی بدات، بەڵام دەبێت هەژمارێكت هەبێت، ئێمە (هەژماری من)مان داناوە بۆ ئەوەی هەژماری بانكی بۆ هەر تاكێكی ئەم وڵاتە دروست بكەین، كاتێك كە ئەوان (هەژماری من)یان هەبوو، دەتوانن سوود لەو خزمەتگوزارییانە ببینن كە بانك پێشكەشیان دەكات و یەكێكیان پارەدانە. ئەمە كارئاسانی دەكات بۆ خەڵكی بە گشتی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا روئیای حكومەت و بەرچاوی حكومەت روون دەكاتەوە و دەزانین كە چەند پارە هاتووەتەوە و چەند پارە هەیە. ئەمە پرۆژەیەكی سەرەكییە لە داهاتوو.
لەگەڵ ئەوەشدا بابەتی تاكس و باج، من دەمەوێ شتێك روون بكەمەوە، ئێمە هیچ كات باجمان نەسەپاندووە، ئەمە پەرلەمان كردوویەتی، پێموابێت ئۆپۆزسیۆن هەندێكجار ئەم بابەتە بە هەڵە بەكار دەهێنێت و دژی ئێمە بەكاری دەهێنێت، ئێمە باجمان بەسەر كەسدا نەسەپاندووە، ئێمە تەنها ئەو بڕیار و یاسایانەمان جێبەجێكردووە كە پەرلەمان پەسەندی كردوون. ئەمە بابەتێكی دیكەیە كە حكومەت دەبێ كاری لەسەر بكات و بۆ هەر تاكێك لێرە لە كوردستان، كاتێك كە سەیری دونیای پێشكەوتوو دەكەین، با بڵێین حەزێك هەیە كە خەڵكی دەیانەوێ وەكوو ئەم دونیا پێشكەوتووە بێت، ئەم دونیا پێشكەوتووە باجی دەوێت. ئەمە پێی دەڵێن بەرپرسیارێتی، بەرپرسیارێتیی خەڵكی مەدەنی، تۆ ئەگەر دەتەوێ پێشكەوتوو بیت، دەبێ هاووڵاتییەكی پابەند بیت.

پێشکەشکار: ئەمە بەرپرسیارێتییە، پێموابێت هەموو كات دووبارە كراوەتەوە. بەڕێز سەرۆك وەزیران سەرەڕای ئەو گەشەسەندنەی كە لە بواری پیشەسازیدا هەیە، بەڵام بێكاری هەیە، پلانی ئێوە چییە بۆ ئەوەی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجان لە كوردستان بڕەخسێنن؟

مەسرور بارزانی: دوو سەرچاوەی هەیە كە یەكێكیان حكومەتە و ئەوەی دیكەشیان كەرتی تایبەتە بۆ ئەوەی كە كاریان دەست بكەوێت. لە 2014ەوە بەداخەوە بە بڕیارێكی سیاسی، بەغدا ڕێگەی نەداوە بەوەی كە كوردستان یەك كەسیش دابمەزرێنێت. لە 2013ەوە تا ئێستا هەمووان بە گرێبەستن، ئەوانەی كە وەرگیراون فەرمی نین، كاتین و گرێبەستن. ئەمە بەشێك بوو لە كەمپەینەكەی ئێمە، كاتێك من كەمپەینم دەكرد لە هەڵبژاردنەكاندا گوتم نوێنەرەكانی ئێمە دەچنە ئەوێ و شەڕ دەكەن بۆ مافەكانی ئێمە. دەبێ هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیكەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش بكرێت، بۆیە دەبێ ئێمە ئەو دەرفەتە بۆ نەوەی تازە و گەنجەكانمان بڕەخسێنین لەوانەی كە دەیانەوێ كار بۆ كەرتی گشتی بكەن، ئەوانیش بتوانن، ناكرێت دوای 12 ساڵ، ئێمە نەتوانین یەك فەرمانبەر دابمەزرێنین، هەندێكمان هەیە بە تەمەنن، هەندێكیان خانەنشین دەبن، ئەی چۆن جێگەی ئەمانە پڕ دەكەیتەوە؟ دەبێ فەرمانبەر، خەڵكی دیكە و گەنج دابمەزرێنیت..
هاوكات ئێمە پێویستیمان بەوەیە كە وەبەرهێنان لە كەرتی تایبەت بكەین، ئێستا كەرتێكی تایبەتی زۆر باش و گەشەسەندوومان هەیە و ئەگەر راشكاو بم لەگەڵت، من پێم خۆشە زۆر زۆر سوپاسی كەرتی تایبەت بكەم لە كوردستان، دەمەوێت سوپاسیان بكەم بۆ ئەوەی كە هاوكارمان بوون و هاوكارمانن، ئەم هەموو پرۆژانەی كە كراون لە كوردستان، رێگە و پرۆژەكان، كەرتی تایبەتە ئەمانە دەكات. حكومەت پارەی بۆ دابین نەكردووە، ئەوان خۆیان لە چەند ساڵی رابردوو كردوویانە، ئێمە لە حكومەتی فیدرالەوە پارەی وەبەرهێنانمان وەرنەگرتووە، بۆیە كەرتی تایبەت ئەم كارانەی كردووە، ئەمەش جارێكی دیكە دەبێتە شوێنی كار بۆ گەنجان. ئەوەی كە ئێمە دەتوانین بیكەین، وا دەكەین كە كەرتی تایبەت زیاتر فراوان بێت، بەهێزتر بێت، ئەوكاتە دەرفەتی كاریش لەگەڵ خۆی دەهێنێت.
هەندێك شت هەیە دەبێت بگۆڕدرێن، یەكێك لەوانە یاسای خانەنشینییە، لە كەرتی گشتی زۆرێك لە خەڵكی كە كار بۆ حكومەت دەكەن، بە پارەیەكی كەمتر بۆ حكومەت كار دەكەن، بەڵام بەو پارەیە ناچن بۆ كەرتی تایبەت، چونكە دەڵێن لە كەرتی حكومەت گەرەنتیمان هەیە. ئێمە دەبێ هەمان یاسای خانەنشینی بۆ كەرتی تایبەتیش دابنێین، ئەوانەی كە لە كەرتی تایبەتدا كار دەكەن، مووچەی خانەنشینیی خۆیان وەربگرن.
ئێمە پرۆژەمان هەیە، بۆ نموونە من ئەم بەیانییە گوێم لێ بوو، باسی پرۆژەیەكی حکومەتیان کرد کە پێی دەڵێن (گەشانەوە)، پرۆژەی گەشانەوە پرۆژەیەكە حكومەت پاڵپشتیی گەنجان دەكات بۆ ئەوەی كە بچن لە بانك پارە قەرز بكەن، جیاوازە لەوەی كە كردوومانە پێشتر، حكومەت راستەوخۆ پارەی داوە و ملیۆنان دۆلار دراوەتە خەڵكی، بەڵام ئامانجەكەی نەپێكاوە. بەڵام ئەگەر سیستەمێكی باشی بانكی و دامەزراوەی باشت هەبێت كە ئێستا ئێمە خەریكین دروستیان دەكەین، بانكەكان دەتوانن پارە بە قەرز بدەن بە گەنجان و گەنجانیش دەتوانن بەو پارەیە خانوو بكڕن، ئۆتۆمبێل بكڕن، ئەگەر ویستیان بزنسی خۆیان بخەنە سەر پێ، دواتر دەتوانن پارەكە بدەنەوە بە بانك. حكومەت وەكوو نێوەندگیر و گەرەنتیكارە، بۆیە لە پرۆژەی (گەشانەوە) ئێمە دەمانەوێ بانك لەگەڵ گەنجان بە یەك بگەیەنین. حكومەت هەندێكجار پارە دەدات، بەڵام لە ڕێگەی بانكەوە، پارەكە دەداتە بانك و بانك دەیداتە گەنجان، ئێمە ئەزموونی ئەوەشمان هەیە 25 بزنس كە هی گەنجان بوون، هەندێك لەوانە بزنسی بچووكیان هەبوو ویستیان گەورەتری بكەن و پێویستییان بە هاوكاری هەبوو، ئێمە هاوكاریمان كردن، هەندێكیان بیرۆكەیان هەبوو، دەیانویست بزنسی خۆیان بخەنە سەر پێ، بەڵام پارەیان نەبوو، حكومەت هاوكاری كردن و زۆریش سەركەوتوو بوون، ئێمە تەنیا پارەكە ئاوا نادەین بە كەس، دەبێ مەرجی تێدا بێت، بیسەلمێنێت كە پلانی هەیە و ئەوەی كە دەیڵێ جێبەجێی دەكات. ئەمەش دەرفەتێكی دیكەیە كە گەنجان دەتوانن سوودی لێ ببینن. بە هەبوونی ئەم پەیوەندییە باشە لە نێوان خەڵك و حكومەتدا، ئەم بابەتە گرنگە و دەرفەتێكی زۆر گەورەشە و ئێمە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیكردنی گەنجان لە ڕێگەی ئەم پرۆگرامانەوە.

پێشکەشکار: باسی كەرتی تایبەتت كرد كە بەرەوپێشەوە دەچێت و گەشە دەكات، چۆن باڵانس دروست دەكەن لە نێوان هاندانی وەبەرهێنان و پاراستنی مافی كرێكاران؟

مەسرور بارزانی: بە یاسا، یاسا بۆ هەمووانە, یاسا دەتوانێت ئەم پەیوەندییە ڕێك بخات. حكومەت دەیەوێ مافی وەبەرهێنەر بپارێزێت، هەروەها مافی خەڵكیش لەوانەی كە كار بۆ كەرتی تایبەت دەكەن، بپارێزێت، بۆیە یاسا دەتوانێ ئەم پەیوەندییە رێك بخات.

پێشکەشکار: بەڕێز سەرۆك وەزیران بابەتێكی زۆر گرنگ كە لێرە باس كراوە، سووریا بووە كە ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و سووریا گرنگە. ئێستا گفتوگۆ هەیە لە نێوان هەسەدە و دیمەشق، پێموابێت بەرەوپێشچوونەكان وەستاون، دەمەوێ تێڕوانینتان بزانم، هۆكاری راوەستانی ئەم گفتوگۆیانە چییە و بۆچوونی ئێوە چییە بۆ هەردوو لایەنی سووریا و مەزڵووم عەبدی؟

مەسرور بارزانی:سووریا وڵاتێكی جیاوازە، ئێمە ناتوانین شتیان بەسەردا بسەپێنین و بڵێین چی بكەن و چی مەكەن، ئەوان خەڵكی لێهاتوون، دەزانن كە چ سیستەمێك بۆ خۆیان باشە، بەڵام بە تێڕوانینی من، وڵاتێكی وەكوو سووریا كە پێكهاتەی زۆر جیاوازی تێدایە، ئایینی و نەتەوەیی، وڵاتێكی فرەنەتەوە و فرە ئایینە، دەبێ حكومەتێكی گشتگیریان هەبێ، دەبێ دەستوورێكیان هەبێت كە مافی هەموان بپارێزێ و گەرەنتی بداتە هەموو لایەك كە هەموان هاووڵاتیی ئەو وڵاتەن، سەپاندنی بیرۆكەیەك لە لایەن نەتەوەیەكەوە ، هیچ كات ئاشتی و سەقامگیری بە دوای خۆیدا ناهێنێت. بۆیە هیوادارم دەستوورێك بنووسنەوە كە گوێ لە هەموان بگیرێ و بۆچوونی هەموان بە هەند وەربگیرێت و هەموو كەسێك هەست بكات بەوەی كە وڵاتەكە هی خۆیەتی و خەڵكی ئەو وڵاتەیە، هیچ كەسێك پەراوێز نەخرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەزانین كە كوردمان هەیە لە باكوورەوە، عەلەویمان هەیە لە كەناراوەكانی رۆژئاوا، درووزمان هەیە لە باشوور، زۆر سوننی هەن لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، واتا پێكهاتەی جیاواز و ئایین و ئایدۆلۆجیای جیاواز و نەتەوەی جیاواز هەن، شتێكی زۆر ژیرانە و حكیمانەیە بۆ حكومەتی سووریا ئەگەر بێتو گفتوگۆیەكی گشتگیر لەگەڵ هەموو لایەنەكان دەست پێ بكات و بیرۆكەیەك گەڵاڵە بكات، بیرۆكەی تاك لایەنێك نەسەپێنێت، ئەمە سەركەوتوو نابێت و سەركەوتووش نەبووە. هەبوونی گفتوگۆیەكی راشكاو و روون، دەرفەتیش هەیە، پێموابێت پرەنسیپێك هەیە ئەگەر بكرێت باسی بكەم و زۆریش گرنگە، خەڵكی دەبێ بزانن كە ئێمە یەكتر تەواو دەكەین، ئێمە دەتوانین پێكەوە زیاتر بنیات بنێین و هەوڵ بدەین پێكەوە باشتری بكەین. چەندین ساڵە ئەم ناوچەیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ویستوویانە كە كێبڕكێی یەكتر بكەین، سەیر بكەن چیمان لێ هاتووە؟ وەرن با هاوكاریی یەكتر بین و تەواوكاری یەكتر بین، با بزانین چی لێ دێت، پێموابێت ئەمە باشترین راوێژە بۆ هاوڕێیانمان لە سووریا.

پێشکەشکار: پێموا بێت گەیشتین بە كۆتایی گفتوگۆكەمان بەداخەوە، ئەگەر كاتی هەبووایە پێمخۆش بوو بابەتی زۆر زیاتر باس بكەین، من دەمەوێ كۆتا قسە و پەیامی ئێوە بزانم و دەتەوێ داهاتووی كوردستان چۆن بێت؟

مەسرور بارزانی: پێش ئەوەی بگەمە وەڵامی دوایین پرسیار، با من شتێك زیاد بكەم لە بارەی سووریاوە، من زۆر خۆشحاڵ بووم كە ئەم بەیانییە هەردوو لایەنی كورد، هەسەدە و ئەنەكەسەمان میوانداری كرد، ئەم كۆڕبەندە بۆ ئەمەیە، ئێمە نەك تەنيا قسە دەكەین، بەڵكوو كرداریشمان هەیە، ئێمە دەمانەوێ ئاشتی لە رێگەی كردارەوە بەدی بهێنین.پێموایە ئەگەر هەموو كەسێك هەوڵ بدات بەم شێوەیە كار بكات، نەك تەنيا قسە بكەن، بەڵكوو كرداریان هەبێت، پێموابێت ئەمە خاڵی سەرەكی و ئەمە نهێنیی سەركەوتنە.

پێشکەشکار: پێموایە ئامادەبووان هەموویان هاوڕان لەگەڵت بۆیە چەپڵەت بۆ لێ دەدەن.

مەسرور بارزانی: هیوادارم وا بێت و هاوڕا بن لەگەڵم. بۆ وەڵامی پرسیاری كۆتاییت، پێموایە ئێمە پێویستیمان بەوەیە كە زۆر چاومان لە خەڵكی خۆمان بێت لەبارەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی، نەك بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی. كاتێك كە ئێمە رێزمان لە یەكتر گرت، لە هەموو نەتەوەیەك و هەموو ئایینێك گرت، باوەڕمان بە پێكەوەژیان هەبوو، باوەڕمان بەوە بوو كە دەتوانین هەموومان پێكەوە بەهێزتر بین و بەهێزتر بونیادی بنێینەوە. یەكەم گۆڕانكاری دەبێ لە مێشكەوە دەست پێ بكات، كاتێك كە تۆ باوەڕت بۆ دروست بوو، ئەوكاتە ڕێگەیەكیش دەدۆزیتەوە كە بیكەیت، بەڵام پێموابێت گەورەترین گۆڕانكاری دەبێ لە ناخەوە دروست ببێت. كوردستان لەسەر ڕێگەیەكی راستە و بەرەوپێشەوە دەچین و هیچ كەسێك ناتوانێت رامان بگرێت.

 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment