سەرۆک بارزانی: کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوە ڕۆڵی گەورە دەگێڕن له بوارە زانستییە جۆراوجۆرەکان
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: دۆزی نەتەوەی کورد لەسەرووی هەموو شتێکە و بایەخدان بە ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوە لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژیەدایە. گوتیشی: کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کە لە دەرەوە ڕۆڵی گەورە دەگێڕن له بوارە زانستییە جۆراوجۆرەکان و لەم ڕووەوە جێ پەنجەیان دیار و بەرچاوە.
ڕۆژی چوارشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە شاری دهۆک، پێشوازیی لە شاندێکی نوێنەرانی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا، کە دۆزی نەتەوەی کورد لە سەرووی هەموو شتێکە و بایەخدان بە ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوە لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژیەدایە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر گرنگی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کە لە دەرەوە ڕۆڵی گەورە دەگێڕن له بوارە زانستییە جۆراوجۆرەکان و لەم ڕووەوە جێ پەنجەیان دیار و بەرچاوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستەسەر مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و ئیرادەی گەلی کورد لە پێناو مانەو ەو بەرگریکردن لە ناسنامە و خەبات لە دژی زۆرداری، هەروەها ڕۆڵی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان کە هەموو کات پێشوازی لە هەموو هەوڵێکی ئاشتی کردووە هەرگیز پەلاماردەر نەبووە ئەمەش وای کردووە کوردستان ببێتە ناوچەیەکی گرنگی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم ئایین و مەزهەبەکان ئەم فەرهەنگەش دەبێت بپارێزرێت و دەستی پێوە بگیرێت.
سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر کرد لەسەر هەرێمی کوردستان، کە دوژمنان بە پیلان و بەرنامە هەوڵی بڵاوکردنەوەی دەدەن و ڕایگەیاند: دەبێت زۆر بە تووندی ڕووبەڕووی ببنەوە، هاوکات بە گرنگیەوە باسی لە هەنگاوە خزمەتگوزاریەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئاو و کارەبا و ڕێگەوبان کرد.
سەرۆک بارزانی پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپاتک ردەوە و بە گرنگیشی زانی هەموو کوردستانیان کار بکەن بۆ ئەوەی دۆستی زیاتر بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان پەیدا بکەن.

