ئیسرائیل 8 ملیۆن ڤاکسینی کۆرۆنا لە كۆمپانیای فایزەر دەکڕێت
ڤاكسینەكە لە سەرەتای ساڵی داھاتوو دابەش دەكرێت
K24 - ھەولێر
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل رێککەوتنێکی لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر واژۆ کردووە بۆ بەدەستهێنانی 8 ملیۆن ڤاكسینی كۆرۆنا کە بەشی نزیکەی نیوەی دانیشتوانی ئیسرائیل دەکات .
بنیامین ناتەنیاھۆ، ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داھاتوو دەست بە دابینکردنی ڤاکسینەکە بکرێت و لە مانگەکانی دواتریشدا زیاد بکرێت.
رۆژی دووشەممە 9/11/2020 كۆمپانیای Pfizer وBioNTech رایاگەیاند، قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكەیان دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەسەركەوتوویی كۆتایی ھاتووە.
ھەردوو كۆمپانیای (BioNTech)ی ئەڵمانی و ھاوبەشەكەی (Pfizer)ی ئەمەریكی مەزندەیانكرد ڤاكسینە نوێیەكە بەفەرمی لە كۆتایی ئەم مانگە تۆمار بكرێت. ھەروەھا ھەردوو كۆمپانیا جەختیانكردەوە لەوەی ڤاكسینەكە لە 90% حاڵەتەكان كاریگەری خۆی بەدیارخستووە، بەبێ ئەوەی ھیچ تێبینییەكی جدی لەسەر سەلامەتی پێكوتەكە ھەبێت.