هەولێر بە یەکێک لە پایتەختە گەشتیارییەکانی ئاسیا هەڵبژێردرا

هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە شارە گەشتیارییەکانی ئاسیا بۆ ساڵی 2026 هەڵبژێردرا، کە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێم بایەخێکی زۆری بەم کەرتە داوە و چەندین پرۆژەی جیاجیای جێبەجێ کردووە. 

گۆڤاری 'کۆندێ ناست تراڤلەری' گەشتیاری، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی هەڵبژارد وەکوو یەکێک لەو شارانەی کە لە سەرانسەری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە گەشتیار ڕووی تێبکەن لە ساڵی 2026.

 لە چەند ساڵی دواییدا ژمارەی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە بەرزبوونەوەدایە، کە هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بایەخدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم کەرتە.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کەرتی گەشتیاری لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەرچەرخانێکی مێژوویی بەخۆیەوە بینیوە ئەمە جگە لە بەرەوپێشچوونی ژێرخانی کەرتەکە.

هەروەها ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەشیدا، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 80 پرۆژەی گەورە و ستراتیژی گەشتیاری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە گوژمەی حەوت ملیار و  500 ملیۆن دۆلار جێبەجێکراوە.

مۆنسرات و هاوژینی لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانییەوە بە مەبەستی گەشتیاری سەردانی هەولێریان کردووە.

مۆنسرات گارسیا بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە لێرەین چونکە هەر لە منداڵییەوە دەزانین هەموو شتێک لێرەوە دەستیپێکردووە، مێژوو، یەکەم نووسین هەمووی لە میزۆپۆتامیا دەستیپێکردووە.

هەروەها مۆنسرات گوتیشی، "هەولێر شارێکی جوانە و خەڵکەکەی خەڵکێکی باش و مەردن". 

هەروەها جێرارد رۆماش گوتی، ئێمە لە بەرشەلۆنەوە هاتووینەتە ئێرە، بۆیە ئێمە زۆر باش شارەزای دۆخی کوردستانین ، پلانمان وایە تا 10 ڕۆژی دیکە لێرە بمێنین و دواتریش سەردانی سلێمانی و مۆنۆمێنتی هەڵەبجەش بکەین و پاشان بەرەو ئاکرێ و دهۆک و ڕەواندز و ناوچە شاخاوییەکانی دیکەش بڕۆین.

سامی ئەلدریعی، گەشتیارێکی کوێتییە بۆ کوردستان24 دواو گوتی: "ئەوە یەکەم سەردانمانە بۆ هەولێر و هەرێمی کوردستان، لە کوێتەوە هاتووین و دوای سەردانیکردنمان بۆ چەند شارێکی عێراق دواجار هاتینە ئێرە، لە ڕاستیدا سەرسامی ئەو هەموو جوانی و پێشکەوتنانە و پاکوخاوێنییە بووین کە کوردستان پێی گەیشتووە و ئەوەش وام لێدەکات جاری دیکەش بێم و سەردانی ئەم شارە بکەمەوە".

بایەخدان بە کەرتی گەشتیاری یەکێکە لە کارە پێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم، کە چەندین پرۆژە جێبەجێ کراون و ئەو کەرتەیان بووژاندووەتەوە و بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاران.

لە نێوان مێژوویەکی هەزاران ساڵییەوە ئاوەدانییەک کە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت، و ژینگەیەکی ئارام و سروشتێکی جوان، هەولێر بووەتە یەکێک لەو شارانەی کە سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشێت. لە قەڵا  پیرەکەیەوە تا دەشتەکانی، تەنیا شوێنی گەشتیاریی نین بەڵکو ئەزموونێکی تەواوی ژیان بە گەشتیاران دەبەخشێت.

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment