ڕێکخراوی یونیسێف بەهۆی قەیرانی دارایی کارمەندانی لە نیویۆرک و جنێڤ دەگوازێتەوە

سندووقی مناڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕایگەیاند، زۆرینەی کارمەندەکانیان لە جنێڤ و نیویۆرک دەگوازنەوە ئەم شوێنانەی تێچوویان کەمە، چونکە ڕێکخراوەکە لە 20% بودجەکەی کەمبووەتەوە بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییە دەرەکییەکان.

ڕێکخراوی یونیسێف لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەلایەنی کەمەوە 70%ی کارمەندانی ئەو دوو شارە دەگوازنەوە بۆ ئەو ناوەندانەی کارکردن کە تێچوویان کەمە.

ڕۆژنامەی 'تریبیون دی جنێڤ'ـی سویسری ڕایگەیاند، ڕەنگە نزیکەی 300 کارمەندی یونیسێف لە جنێڤ بۆ ئەورووپا و ئاسیای ناوەڕاست بگوازرێنەوە.

یونیسێف پلانەکانی خۆی بۆ گواستنەوەی کارمەندان ئاشکراکرد، کە لە جنێڤ و نیویۆرکەوە دەیانگوازێتەوە بۆ ڕۆما، بوداپێست، فلۆرانس، ئیستانبوڵ، برۆکسل و ڤالێنسیا.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ڕایگەیاند، نزیکەی 100 کارمەندی یونیسێف، لە جنێڤ دەمێننەوە، ڕێکخراوەکەش ڕایگەیاندووە، مانەوەی ئەم کارمەندانە بۆ پاڵپشتی و هەماهەنگی دەبێت لەسەر ئاستی جیهانی.

یونیسێف پێشبینی دەکات لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا داهاتەکەی بە ڕێژەی 20% کەم ببێتەوە بە بەراورد بە ساڵی 2024، کە لە ئەنجامدا بودجەی بارەگای سەرەکی و هەرێمییەکانن بە ڕێژەی 25% کەم ببێتەوە، کارمەندانیش بگوازرێنەوە بۆ شوێنە هەرزانەکان.

 

 
Fly Erbil Advertisment