ئێران و ڕووسیا هەماهەنگییەکانیان زیاتر دەکەن
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و رووسیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا ئاسایشی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. ئەمەش سێیەمین پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوانیانە لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا.
پێنجشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفۆن قسەیان کرد، تیایدا سەرنجیان خستە سەر بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ناوچەکە.
ئەمە سێیەمین پەیوەندی تەلەفونی نێوان ئەو دوو وەزیرەیە لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا. هەر دوو لا لە دووشەمی رابردوودا لە بارەی دوایتن گۆڕانکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، ناوچەکە و گۆڕانە نێودەوڵەتییەکان بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد
میدیاکان بڵاویان کردبووەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەدا هەر دوولا جەختیان کردەوە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ مەبەستی ئاشتییە و لەم چوارچێوەیەشدا لەسەر هەماهەنگی هەڵوێستەکانیان و هاوکاری هاوبەش، ڕیککەوتن.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزیرەکە پەیوەندییەکی دیکەیان دەربارەی هەندێک بابەت کرد و سەرنجێکی تایبەتیشیان خستە سەر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
ئێران و ڕووسیا دوو لە هاوپەیمانانی بەرەی ئێران- چین- ڕووسیان بەرانبەر بە بەرەی ئەمەریکا و ئەورقوپا، لەم ساڵانەی دواییدا هەر دوو لا هەم چالاکی هاوبەشیان زۆر بووە، هەم لە لایەن ئەمەریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
