ئەو پێنج خۆراکە لەگەڵ قاوەدا مەخۆ

بەهۆی سوودە زۆرەکانی بۆ تەندروستیی، قاوە یەک لەو خواردنەوانەیە کە لە جیهاندا زۆر بەکاردێت، بەڵام تێکەڵکردنی لەگەڵ هەندێک خۆراکدا لەوانەیە ببێتە هۆی دروستکردنی کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی جەستە.

ماڵپەڕی (Very Well Health)ی پسپۆڕ لە هەواڵە تەندروستییەکان، پێنج جۆر خۆراکی خستووەتە ڕوو  کە ئامۆژگاری دەکات لەگەڵ قاوەدا بەیەکەوە نەخوورێن، کە بریتین لە:

1-میوە ترشەکان

قاوە و میوە ترشەکان لە ڕێژەی ترشێتی لەیەکدەچن، و تێکەڵکردنیان لەوانەیە ببێتە هۆی زەحمەت هەرسکردن، بەتایبەتی لەو کەسانەی کێشەی گەڕانەوەی ترشی گەدەیان هەیە بۆ ناو سورێنچک.

2-خواردنە سوورەوەکراوەکان 

پسپۆران ئامۆژگاری دەکەن کە، لە تێکەڵکردنی خواردنە سوورەوەکراوەکان لەگەڵ قاوەدا دوور بکەونەوە بەهۆی هەبوونی ڕێژەی بەرزی چەوری و سۆدیۆمەوە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە،  زۆر خواردنەوەی قاوە مەترسی بەرزبوونەوەی چەوری لە خوێندا زیاد دەکات، هەروەها تێکەڵکردنی خواردنە سوورەوەکراوەکان کاریگەری لەسەر تەندروستی دڵ دەبێت.

3-شیر

سەرەڕای ئەوەی زۆر کەس پێیان وایە قاوە بە شیرەوە باشترە، بەڵام شارەزایان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کۆکردنەوەی ئەم دوو پێکهاتەیە بژاردەیەکی تەندروست و بەسوود نییە، توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قاوە ڕێگری لە جەستە دەکات سوود لە کانزای کالسیۆم ببینێت کە لەنێو شیردا هەیە.

4-خواردنی دەوڵەمەند بە سۆدیۆم

چەندین توێژینەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە تێکەڵکردنی خواردنە دەوڵەمەندەکان بە سۆدیۆم لەگەڵ قاوەدا کاریگەری لەسەر پەستانی خوێن دەبێت، بەتایبەتی لەو کەسانەی کە کێشەی بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە.

                

5-خۆراکە هەوێنکراوەکان

خواردنە هەوێنکراوەکان سەرەڕای ئەوەی کە ناسراون بە سوودەکانیان بۆ کۆئەندامی هەرس و کۆئەندامی بەرگری، بەڵام کۆکردنەوەیان لەگەڵ قاوەدا لەوانەیە ببێتە هۆی کاریگەری پێچەوانە چونکە هەردووکیان ترشین، لەوانەیە ببێتە هۆی کێشە لە کۆئەندامی هەرسدا.

توێژینەوەکان دەریانخستووە، ڕۆژانە لە سەرانسەری جیهان 2-2.5 بیلیۆن کووپ قاوە دەخوورێتەوە و لەدوای ئاو لە ڕیزبەندی دووەم زیاترین بەکارهاتندایە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment