سلێمانی..نرخی جووتێک قەل بۆ 120 هەزار دینار بەرزبووەتەوە
لەگەڵ یەکەم باران بارین و سارد بوونی کەشوهەوا بازاڕی پەلەوەر فرۆشان گەرم دەبێت و قاز و بەتایبەتتر کوردی بێت قەلەکە بازاڕی باشترە هەروەها بەخڕو خەپانییەکەی شێوەی جیا ئەکرێتەوە.
كاوە محەمەد، پەلەوەرفرۆش، بە کوردستان24ـی گوت: خەڵکی ئێستا زیاتر حەزیان لە قەلی کوردییە، چونکە تام و لەزەتێکی تایبەتی هەیە، بەڵام زۆر کەمبووەتەوە لە کەرکووک و ئێرانەوە قەل هاوردە دەکرێت.
خەڵکی بەدوای شتی خۆماڵی دەگەڕێن ئەگەر چی لەم وەرزە نرخی گران دەبێت، بەڵام خۆشخۆران هەر چێشتخانەکان ئاوەدان دەکەنەوە بەقەرەباڵغی
هەرێم محەمەد، چێشتلێنەر بە کوردستان24ـی گوت: لێنانی قەل زانینی دەوێت، سەرەتا لەسەر سێکۆچکەی ئاگر دادەنێین و دواتر دەیخەینە سەر خەڵووز تاوەکوو بەباشی ئامادە دەبێت، بەڵام ئەگەر قەلەکە کوردی لە گوند بەخێوکرابێت گۆشتەکەشی خۆشترە، چونکە کەشو هەوای جیاوازترە.
ئەم ساڵ لە وەرزی گەرما دا جووتێک قەلی قەڵەو بۆ خواردن لە نزیکەی 80 بۆ 90 هەزار دینار بوو، ئێستا گەیشتووەتە 120 هەزار دینار نرخی قەل لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما گرانتریش دەبێت و نرخی جووتێکی دەگاتە نزیکەی 180 هەزار دینار.
