قەیرانی دارایی بەرۆکی خاچی سووری نێودەوڵەتی گرتووە

خاچی سووری نێودەوڵەتی %17ـی بودجەی کەم کردەوە

ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، بودجەی ڕێکخراوەکەیان بە ڕێژەی 17% کەم  کردووەتەوە، هەروەها بەهۆی کاریگەریی قەیرانی داراییەوە لە سەرجەم بنکە و نووسینگەکانی ڕێخکراوەکە لە سەرتاسەری جیهاندا، دوو هەزار و 900 کارمەندیشی ناردووەتەوە ماڵەوە.

میریانا سپۆلیارچ، سەرۆکی لیژنەی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕایگەیاند: "ڕێکخراوەکەیان لە ناوچە پڕ کێشەکان و ئاڵۆزییەکان هەر بەردەوام دەبێت، هەرچەندە کەم ڕێکخراو هەیە بتوانێت لەو ناوچانە چالاک بێت، بەڵام دۆخی دارایی ناچارمان دەکات بڕیاری قورس بدەین لە پێناو پاراستنی تواناکانمان بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو کەسانەی کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی."

گوتیشی: بودجەی ڕێکخراوەکەیان لە جیهاندا بە شێوەیەکی پێشبینینەکراو لە کەمبوونەوەدایە، هەر بۆیە وەک پێشتر ناتوانن لە چالاکییەکانیاندا لە سەرتاسەری جیهان بەردەوام بن.

پەیامێکیشی ئاراستەی وڵاتان کردووە و تێیدا گوتوێتی: پێویستە سەرچاوەی زیاتر بۆ ڕێگری تەشەنەی ململانێ و، بایەخی زیاتر بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ڕەچاوکردنی ڕێساکانی شەڕ و پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بدەن.

بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، ئەنجوومەنی لیژنەی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوەکە، بەرزترین دەسەڵاتی هەیە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە بودجەی ساڵی 2026ـی ڕێکخراوکەی بە ڕێژەی 17% کەم کردووەتەوە، کە دەکاتە 2.2 ملیار دۆلار  کورتهێنان.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، کورتهێنانی بودجەی گشتیی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دوو هەزار و 900 هەلی کار لە بەشە جیاوازەکانی ڕێکخراوەکە لە سەرتاسەری جیهان، لە قۆناغی یەکەمدا 18 هەزار کەس بێکار دەبێت، بەڵام ڕێکخراوەکە داواکارە بەشێک لەو کارمەندەکان بە خۆبەخشانە بەردەوام بن.

کۆمەڵەی خاچی سووری نێودەوڵەتی، ڕێکخراوێکی قازانجنەویستی سەربەخۆیە، کە وەک ڕێکخراوێكی مرۆیی کار دەکات لە پێناو پاراستنی ژیان و شکۆی خەڵکانی مەندەنی کە جەنگ و توندوتیژییە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی گەیاندنی یارمەتی بۆ ئەو ناوچانەی شەڕ و ئاڵۆی ناوخۆیی یان جەنگی نێوان وڵاتانی تێدایە.

 
 
Fly Erbil Advertisment