کۆشکی سپی لە بارەی مارک ساڤایا ڕوونکردنەوە دەدات
سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەنگۆی دروورخستنەوەی مارک ساڤایا لە ئەرکی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، دوورە لە ڕاستییەوە. ساڤایاش دەڵێت: " ھیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە ".
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆشکی سپی، کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: ئەو ھەواڵانەی باس لە دوورخستنەوەی مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری عێراق دەکەن، ڕەت دەکەینەوە و هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە.
هەر لە بارەی ڕەتکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە، مارک ساڤایا، لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "دۆخەکە وەک خۆیەتی و ھیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە".
ئاماژەی بەوەش داوە، ئێستا بە وردی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی عێراق دەکات و لە دۆخێکدایە کە لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوودا بەردەوامی بە جێبەجێکردنی کار و ئەرکەکانی دەدات، ئەم لێدوانەش وەک وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ ئەو دەنگۆیانەی بانگەشەی دوورخستنەوەیان دەکرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، دوای دەستنیشانکردن و ڕاسپاردنی ساڤایا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسی: مارک ساڤایای بە نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ عێراق دەستنیشان کردووە.
هەر لە پەیامەکەیدا ترەمپ ستایشی ساڤایای کرد و نووسیبووی: "خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم مارک ساڤایا وەک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق کار دەکات. تێگەیشتنی قووڵی مارک لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، یارمەتیدەر دەبێت لە پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمەریکا."
