کۆمیسیۆن: 872 تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن دراوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: ژمارەی کۆتایی تانەلێدان لە ئەجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، گەیشتە 872 تانە.

هەینی، 21ـی تشرینی دووەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی گوت: ژمارەی کۆتایی ئەو تانانەی کە سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردن پێشکەش کراون گەیشتووەتە 872 تانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ پێنجشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆتاییهاتنی ماوەی تانەلێدانی لە ئەنجامی هەڵبژاردن ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی کە زیاتر لە 800 تانەیان پێگەیشت.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیسیۆن، دوایی یەکلاییکردنەوەی تانەکان، لە سەرەتای مانگی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەدرێت.

 هەر دوێنێ جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق  تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، پێویستە کۆمیسیۆن دوای تەواوبوونی ماوەی تانەدان، لە حەوت ڕۆژدا ڕاپۆرتی خۆی ئامادە بکات، پاشان دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان پێویستە بە کەمتر لە 10 ڕۆژ ئەنجامی کۆتایی پەسەند بکات و ڕابگەیەنرێت.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025  ئەنجام درا و ڕێژەی بەشداریی لە سەرانسەری عێراق لە دەنگدانی گشتی بریتی بوو لە 54.35% و ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەتیش 82.42% بوو. ڕۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2025 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند.

 
Fly Erbil Advertisment