کۆمیسیۆن وادەی یەکلاکردنەوەی تانەکان ئاشکرا دەکات
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: لەم هەفتەیەدا دەست بە ئامادەکردنی وەڵامی تانەکان دەکرێت و ئاراستەی دەستەی دادوەریی وڵاتەکە دەکرێت بۆ مەبەستی یەکلاکردنەوەی.
شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی گوت: بە پێی یاسای کۆمیسیۆن ژمارە 31ـی ساڵی 2019، کۆمیسیۆن حەفت ڕۆژی لەبەردەم دایە بۆ ئەوەی وەڵامی تانەکان بۆ دەستەی دادوەریی ئامادە بکات تا لەوێدا بڕیاریان لەسەر بدرێت.
هاوکات باسی لەوەش کرد، دەستەی دادوەریش لە لای خۆیەوە 10 ڕۆژی کارکردنی لەبەردەمدایە بۆ بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی تانەکان.
غەلای ئەوەشی خستەڕوو، لە حاڵەتی یەکلاکردنەوەی تانەکان ل ەلایەن دەستەی دادوەرییەوە، ئەوا ئەنجامی کۆتایی دەنگدان ڕەوانەی دادگای فیدراڵی دەکرێن بۆ پەسەندکردنیان.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن، گوتیشی: ژمارەی تانە پێشکەشکراوەکان 872 تانە بوو، هەروەها لە سەرەتای مانگی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەندرێت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام درا و ڕێژەی بەشداریی لە سەرانسەری عێراق لە دەنگدانی گشتی بریتی بوو لە 54.35% و ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەتیش 82.42% بوو. ڕۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2025 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند.
