ناوەندی دیاسپۆرای کوردستان لە بەلجیکا کرایەوە؛ "دەبێتە پردی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و کوردستان"
بە ئامادەبوونی، هونەرمەندان، قوتابییان، ڕۆشنبیران و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی وڵاتی بەلجیکا; ناوەندی دیاسپۆرای کوردستان بە فەرمی لە برۆسکل کرایەوە.
شیفا بارزانی، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی لە بارەگای بارزانی، بە بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئامانج لە کردنەوەی ناوەندی دیاسپۆرای کوردستان لە وڵاتی بەلجیکا، پاراستنی زمان، کەلتوور و ناسنامەی نەتەوەی کوردە لەو وڵاتە، هەروەها دروستکردنی پردێکە لە نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
شیفا بارزانی گوتیشی "ئەم ناوەندە ماڵێکە بۆ کوردانی تاراوگە، لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە خوشک و برایانمان لێرە ئامادەن، هەروەها گرنگیدان بە کەلتوور و کتێبی کوردی کە لەم ناوەندە دەبینرێت، جێگای دڵخۆشییە، لە ئێستاوە ئێرە ماڵی هەموو کوردێکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان کە لە تاراوگە ژیان بەسەر دەبەن."
ناوەندی دیاسپۆرای کوردستان، تەنها ناوەندێک نییە بۆ ئەنجامدانی چالاکی هونەری، بەڵکو دەبێتە سەنتەرێک بۆ نزیک بونەوەی نوێنەری تەواوی لایەنە سیاسییەکانی وڵاتی بەلجیکا لە ژێر چەتری کوردایەتی، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە کورد و کوردستان بکەن.
ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستان، گوتی "جێگای دڵخۆشییە کە لە شاری برۆکسل یەکەم ناوەندی ڕەوەندی کوردی دەکرێتەوە، چونکە بەلجیکا بۆ کورد و کوردستان زۆر گرنگە، ئێرە شوێنی یەکێتیی ئەورووپایە، کۆمیسیۆنی ئەورووپا بە ئامادەبوونی نوێنەری هەموو وڵاتانی ئەورووپا لێرە ئامادەن، هەر بۆیە برۆکسل گرنگی تایبەتی هەیە، ئەم ناوەندەش بۆ کوردستان سوودی گەورەی دەبێت."
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەر بە بارەگای بارزانی، ماوەی چەند ساڵێکە دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر، ئەم کۆنفیدراسیۆنە پێکهاتووە لە تۆڕێکی گەورەی فیدراسیۆن و ناوەند و کۆمەڵە و سەنتەری کوردی، تاوەکو ئیستا 21 فیدراسیۆن و 40 ناوەند لە وڵاتانی بییانی دروست کراون، هەروەها 100 سەنتەر و کۆمەڵەی کوردی کراونەتەوە.
