پرۆژەی دروستکردنی شەقامی گەڕەکی گوڵان لە زاخۆ دەستی پێ کردووە
کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی شەقامی گەڕەکی گوڵان لە زاخۆ کە یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی دانیشتووانەکەی، دەستی پێ کرد.
عومەر حەسەن، بەڵێندەری پرۆژەکە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند "لە ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمەوە دەستمان بە کارکردن لەم پرۆژەیەدا کردووە، پرۆژەکە گوژمەی 5 ملیار و 750 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و ماوەی جێبەجێکردنیشی حەوت مانگە و درێژیی شەقامەکە چوار کیلۆمەتر و نیوە و هەوڵ دەدەین بەر لە وادەی خۆی تەواوی بکەین."
عەبدولعەزیز حاجی، کە چوار ساڵە دانیشتووی گەڕەکی گوڵانە و لە وەرزی زستان و باراندا ئاستەنگی زۆری هاتوچۆیان بۆ دروست دەبوو، بە دەستپێکردنی ئەم پرۆژەیە زۆر دڵخۆشە و دەڵێت، "کەموکوڕییەکانی ئێمە تەنیا شەقام بوو و ئێستا شەقامیش قیرتاو دەکرێت جگە لەمە کێشەی ئاویشمان پێشتر لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە بۆ چارە کراوە و هیچ کەموکووڕییەک نەماوە."
ئاستەنگی نەبوون و خراپیی شەقامەکان بە جۆرێک بوو کە هاووڵاتیان بە زەحمەت دەیانتوانی بگەن بە شەقامی گشتیی گەڕەکەکەیان، بەڵام لەمەولا ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە نابنەوە.
عومران سالم، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی گوڵان، گوتی: ئێمە نزیکەی پێنج ساڵە دانیشتووی ئەم گەڕەکەین، لە وەرزی زستاندا هەموو شوێنێک دەبوو بە قوڕ و ئاستەنگی هاتوچۆمان بۆ دروست دەبوو، بەڵام بە قیرتاوکردنی شەقامەکانی گەڕەکەکەمان هیچی دیکە ئەو کێشەیەمان نامێنێت.
دوای تەواوبوونی پرۆژەکانی دروستکردنی ڕێگاوبان و شەقامەکانی زاخۆ، کە بەشێکی زۆریان تەواوبوونە و بەشێکی دیکەیان لە قۆناغی جێبەجێکردندان، ڕێژەی قیرتاوکردنی شەقامەکانی زاخۆ دەگاتە %95.
