زێلێنسکی بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پلانی ئاشتی سەردانی واشنتن دەکات
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا گوتی: ڕەنگە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەردانی ئەمەریکا بکات بۆ تاوتوێکردنی پلانی ئاشتی واشنتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئۆکرانیا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2025، کیس کیلۆگ، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، پلانەکەی ترەمپ بۆ ئاشتی ئۆکرانیا پلانێکی باشە، بەڵام ئەو خاڵانە لەخۆدەگرێت، پێویستیان بە ڕێکخستن و ڕوونکردنەوەی زیاترە، بۆیە ئەگەری زۆرە زێلێنسکی سەردانی ئەمەریکا بکات، بۆ ئەوەی سەیری پلانەکە بکەین.
کیس کیلۆگ، گوتیشی: ئەگەری هەیە لەگەڵ پلانی ئاشتی هەندێک گەرەنتی ڕەچاو بکرێت، وەک گەرەنتی ئەمنی.
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا باسی لەوەشکرد، لەم دواییانەدا لەگەڵ جێرد کوشنەر زاوا و ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا قسەم کردووە، چونکە ئەویش بەشدار بووە لە ئامادەکردنی پلانەکە.
دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژئاوا، وردەکاری پلانە نوێیەکەیان ئاشکرا کردووە کە بەگوێرەی بەڵگە دزەپێکراوەکان، ئۆکرانیا دەستبەرداری نیمچە دورگەی کریمیا و دۆنباس و ناوچەکانی دیکە دەبێت بۆ ڕووسیا، لە بەرامبەردا کێڤ گەرەنتی ئەمنی ئەمەریکا و ئەورووپی وەردەگرێت، هەروەها پلانەکە بریتییە لە دامەزراندنی ناوچەیەکی بێ چەک لەو شوێنانەی کە هێزەکانی ئۆکرانیا لێی دەکشێنەوە.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، هێڵی پەیوەندی نێوان هەردوو لایەنی ململانێکان لە ناوچەی خێرسۆن و زاپۆریژیا دەبەسترێتەوە، ڕووسیا هەندێک ناوچە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئۆکرانیا، سوپای ئۆکرانیاش بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکرێتەوە و چەکی دوور مەودای لێدەسەندرێتەوە، جێگیرکردنی هێزی بیانی لەسەر خاکی ئۆکرانیا قەدەغە دەکرێت، زمانی ڕووسیش فەرمی دەبێت لەو وڵاتەدا.
ماڵپەڕی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، پلانە نوێیەکەی ئەمەریکا هەڵگرتنی سزاکانی سەر ڕووسیاش لەخۆدەگرێت.
