کاردانەوەی بڕیاری نەچوونی جەهەپە بۆ ئیمراڵی بەردەوامە

ناوی نوێنەری ئەو سێ لایەنەی کە سەردانی ئیمراڵی دەکەن ڕاگەیەندرا، بەشداری نەکردنی جەهەپە لە تورکیا و لە نێو کورددا دەنگی داوەتەوە. هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕەخنە لە سیاسەتی جەهەپە دەگرێت کە خۆی لە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی دوور نەخاتەوە و داوا لە جەهەپە دەکات لە بڕیارەکەی پەشیمان ببێتەوە و پشتیوانی لە پرۆسەکە بکات.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند: جەهەپە لە قۆناغێکی زۆر گرنگدا دەنگی نەخێری بۆ چوونە ئیمراڵی دا، کورد بەو بڕیارە ناڕەحەت بووە، ئەگەر ئێستا بۆ ساڕێژکردنی برینەکان مامەڵە نەکەین، کەی دەیکەین؟ تێبینیمان لەسەر بڕیارەکەی جەهەپە هەیە، بەڵام چاوەڕوانییەکانمان بەردەومن.

ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی گشتیی، پارتی گەلی کۆماری( جەهەپە) گوتی: نەچوونیان بۆ ئیمراڵی بە مانای دژایەتیکردنی پرۆسەی ئاشتی نییە و ئامادەبوونیان لە کۆمیسیۆن بەردەوام دەبێت و هەندێ لایەن کە پرسی کوردیان ڕەتکردووەتەوە، ئێستا فشار دەخەنە سەر جەهەپە بۆ ئەوەی بچێتە ئیمراڵی، ئێمە بوونی پرسی کورد قبووڵ دەکەین و دەمانەوێت کێشەکان بە شێوەیەکی دیموکراسی چارەسەر بکرێن.

هەروەها گوتیشی: ماوەی 10ساڵە زیندانیانی سیاسی لە زینداندان، قەیووم بەردەوامە و 16 سەرۆکی شارەوانی جەهەپە زیندانی کراون.

هاوکات، سەرۆکی پێشووی جەهەپە ڕەخنەی لە بڕیاری حزبەکەی گرت و جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستبوو جەهەپە بەشداربێت لە چوونی ئەو شاندە بۆ ئیمراڵی.

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕایگەیاند: جەهەپە بۆ بەرژەوەندی باڵای دەوڵەت پێویستبوو بەشدار بێت لە پرۆسەکەدا و وەک بابەتێک لە سەرووی سیاسەتەوە سەیری بکات و پێویستە بتوانێت جێگەی خۆی لە دیوی ڕاستی مێژوودا بگرێتەوە.

جەهەپە، 11 ئەندامی لەنێو کۆمیسیۆنەکەی ئاشتیی پەرلەمانی تورکیادا هەیە، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ کام لە ئەندامەکانی ببنە ئەندامی ئەو شاندەی بڕیارە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکات.

 ڕۆژی هەینی، 21ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات و ئەم هەفتەیە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە. 

کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە 48 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 11 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان لەو کۆمیسیۆنەکە بۆ دیاریی کراوە و پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەر یەکەیان ئەندامێکیان بەرکەتووە.

 
Fly Erbil Advertisment