تورکیا هەڵسەنگاندن بۆ بەشداریی لە هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی لە غەززە دەکات

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، ڕایگەیاند، ئەنقەرە هێشتا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی چۆنییەتی جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکانیەتی وەک بەشێک لە هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی پلان بۆ داڕێژراو لە غەززە. ئاماژەی بەوەدا بڕیار لەسەر ئەم پرسە دوای تەواوبوونی هەڵسەنگاندنەکان دەدرێت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی لووتکەی جی 20 لە باشووری ئەفریقا، ئەردۆغان دووپاتیکردەوە، هێرشەکانی سەر غەززە بە "جینۆساید" دەزانێت و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بە بەرپرسیار لەو هێرشانە ناساند.

تورکیا ڕۆڵێکی سەرەکی لە دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززەدا گێڕا و یەکێک بوو لە واژۆکارانی ڕێککەوتنەکە لە میسر. ئەنقەرە بەڵێنیدا چاودێری جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە بکات و خواستی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە هێزی سەقامگیری پلان بۆ داڕێژراو دەربڕی.

دووشەممەی ڕابردوو، سەرۆک کۆمار ئەردۆغان جەختی کردەوە، بزووتنەوەی حەماس پابەندە بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و سەرەڕای "پێشێلکارییەکان"ی حکوومەتی ناتانیاهۆ، بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ دەکات.

ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە لە 10ـی تشرینی یەکەمەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا، حەماس 20 زیندانی ئازاد کرد کە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ەوە لە غەززە دەستبەسەر کرابوون و بەمەش هەموو بارمتە ماونەتەوە ئازاد کران. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل نزیکەی دوو هەزار زیندانی فەڵەستینی ئازاد کرد، لەنێویاندا ئەوانەی سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە.

لە نیوەی دووەمی مانگی تشرینی یەکەمدا، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، حەماس و ئیسرائیل گفتوگۆی تەکنیکییان سەبارەت بە قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتی ترەمپ دەستپێکردووە. ئەم قۆناغە بریتییە لە داماڵینی چەک لە حەماس، ئیدارەی کەرتی غەززە لە دوای جەنگ و جێگیرکردنی هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی لە خاکی نیمچە گەمارۆدراوی فەڵەستین.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش لە زاری دیپلۆماتکارانەوە بڵاویکردەوە، ئەمەریکا لۆبی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ پەسەندکردنی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ کەرتی غەززە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment