توێژینەوەیەک: چالاکیی مرۆیی هۆی وشکەساڵییە لە ئێران، عێراق و سووریا
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەری دەخات، ئەو وشکەساڵییە بێپێشینەیەی ئێران، عێراق و سووریای گرتووەتەوە، بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوەیە. زاناکان هۆشداری دەدەن لەوەی ڕەنگە تا ساڵی 2050 سەرچاوە ئاوییەکانی نزیکەی سێیەکی گەورە شارەکانی جیهان وشک ببن.
گرووپی زانایانی 'چاودێریی کەشوهەوای جیهان WWA' ڕایانگەیاند، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەنجامی بەکارهێنانی سووتەمەنی ئۆرگانی، هۆی سەرەکی وشکەساڵیی ئەم سێ وڵاتەن.
لێکۆڵینەوەکەی ئەم گرووپە، لەسەر بنەمای بەڵگەی بەهێز، دەری دەخات کە گۆڕانەکانی کەشوهەوا لە ئەنجامی چالاکییە مرۆییەکان، مەترسی وشکەساڵی 10 هێندە زیاد کردووە.
بە گوتەی زانایان، ئەگەر چالاکییە مرۆییەکان بەم ڕادەیە نەبوونایە، وشکەساڵی ئەوەندە درێژەی نەدەکێشا.
لێکۆڵینەوەکە، جەخت لەوە دەکاتەوە، خراپی بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی ئاو، لەوەڕاندنی ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵان لە لەوەڕگەکاندا و گەشەکردنی کشتوکاڵ، بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو لە ئێران، عێراق و سووریا.
زانایان، پشتبەستوو بە لێکۆڵینەوەکانیان لە ساڵی 2015 ـەوە هۆشدارییان داوە لەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی جیهان، زۆرترین زیانی گۆڕانەکانی کەشوهەوا بەردەکەوێت.
لێکۆڵینەوەی ئەم گرووپە، دەربارەی ئێران ئاماژەی داوە "دۆخی خراپی کەشوهەوای ئێران و قەیرانی وشکەساڵی و کەمئاوی لەو وڵاتەدا دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئاو بۆ کشتوکاڵ و هەڵێنجانی بێئەندازەی ئاوی ژێر زەوی."
بە گوێرەی هەمان لێکۆڵینەوە، قەیرانی بەردەوامی ئاو لە ناوەندی شارە گەورەکاندا، وەک تاران، بووتە هۆی ئەوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم قەیرانە، پەنا بۆ کەمکردنەوەی بەشەئاو و چاودێریی توندی بەکارهێنانی ئاو لە بواری کشتوکاڵدا ببرێت.
لێکۆڵینەوەکە، دەریدەخات کە %90 ئاوی ئێران بۆ کشتوکاڵ بەکار دەهێنرێت و قەیرانی کەمئاوی پێش هەمووان، کاریگەریی لەسەر ئەو جووتیارانە دەبێت کە سەرچاوەی داهاتیان تەنیا کشتوکاڵە.
ئێران، تاکە وڵات نییە کە ڕووبەڕووی کەمیی ئاو بووەتەوە. مەزەندە دەکرێت کە سەرچاوە ئاوییەکانی نزیکەی سێیەکی کۆی گەورە شارە کانی جیهان تا ساڵی 2050 وشک ببن.
قەیرانی ئاو لە ئێراندا، بە تایبەتی لە تاران و هەوڵ و تەقەللا بێئەنجامەکانی حکوومەت بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو قەیرانە، بووەتە باسوخواسی ڕۆژانەی خەڵک و میدیاکان، مەسعوو پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، پێشتر ڕایگەیاندبوو "بەرەنجامی گەشەکردنی بێبەرنامە، ئێمە ئەمڕۆ ئاوی ژێر زەویمان نییە و بەنداوەکانیشمان خەریکە بە تەواوی وشک دەبن."
دۆخی عێراقیش زۆر لە ئێران باشتر نییە، ئەم وڵاتە لە ساڵی 1933 وە تا ئەمڕۆ، ڕووبەڕووی وشکەساڵیی هێندە سەخت نەبووەتەوە. دۆخی سووریاش لە ئێران و عێراق باشتر نییە.
