لە بەغدا سزای شوشتنی ئۆتۆمبێل و فڕێدانی پاشماوە قورستر دەکرێت
شارەوانیی بەغدا ڕایدەگەیەنێت، لەمەودوا هەر کەسێک ئۆتۆمبێل بشوات یان زبڵ و خاشاک فڕێ بداتە شوێنە گشتییەکان، بە بڕی جیاواز سزا دەدرێت.
شارەوانیی بەغدا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، دەست دەکەن بە سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەو کەسانەی کە پاشماوە فڕێ دەدەنە شوێنی نادیاریکراو. هاوکات، ئەوانەی لە شوێنە گشتییەکاندا ئۆتۆمبێل دەشۆن، بە بڕی 500,000 (پێنج سەد هەزار) دینار سزا دەدرێن.
لەم بارەیەوە، عودەی جەندیل، گوتەبێژی شارەوانیی بەغدا، ڕایگەیاندووە: "لەمەودوا سەرۆکایەتیی شارەوانیی بەغدا، سزای تا 1,000,000 (یەک ملیۆن) دینار بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێنێت کە دەستدرێژی بکاتە سەر شەقامە گشتییەکان یان ڕێگر بێت لە هاتووچۆی خەڵک."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، شوشتنی ئۆتۆمبێل لە شەقامە گشتییەکان یان سەرەکییەکان و لە شوێنە نافەرمییەکان، خاوەنەکەی ڕووبەڕووی سزای 500,000 (پێنج سەد هەزار) دیناری دەکاتەوە.
هەروەها دووپات کراوەتەوە، فڕێدانی پاشماوەی دروستکردنی بینا لە شوێنی نەشیاو بە پێشێلکاری دادەنرێت و سزاکەی لە نێوان 2 (دوو) ملیۆن بۆ 5 (پێنج) ملیۆن دینار دەبێت. ئەم بڕیارە پاشماوەی کارگە پیشەسازییەکانیش دەگرێتەوە.
هاوکات هەر کەسێک ئاوی قورس بڕێژێتە سەر شەقامەکان یان زیان بە تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ بگەیەنێت، بە 1,000,000 (یەک ملیۆن) دینار سزا دەدرێت.
